یەکەمین وەزیر لە کابینەی نوێی ترەمپ دەستبەکاربوو

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە دەنگی زۆرینە مارکۆ رۆبیۆی وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەی دۆناڵد ترەمپ پەسەندکرد، بەم شێوەیە رۆبیۆ وەکو یەکەمین وەزیر لە ئیدارەی نوێ دەستبەکاردەبێت.

رۆبیۆ پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بووە، یەکەمین ئەمەریکی بە ڕەگەز ئیسپانییە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەربگرێت.

وەزیرە نوێیەکەی دەرەوەی ئەمەریکا پێشتریش لە چەندان لێدواندا کوردی وەک هاوبەش و هاوکاریی ئەمەریکا ناوهێناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ناوەی وەزیرە پێشنیازکراوەکانی کابینەی ترەمپ لە لیژنەکانی ئەنجومەنی پیرانن بۆ دەنگدان لەسەریان و بەفەرمی دەستبەکاربوونیان.

دووشەممە، 20-01-2025، نزیکەی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن (کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و تایبەتدا، دۆناڵد ترەمپ، وەکوو 47ـەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت سوێندی یاسایی خوارد. بێجگە لە ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراویش سوێندنی یاسایی خوارد و هەردووكیان بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکاربوون.