وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ژمارەی ئەو سووریانەی ئاشکرا کرد کە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

وەزیری ناوخۆی تورکیا، ژمارەی ئەو سورییانە ئاشکرا دەکات کە لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “ئێن تی ڤی” تورکی ئاشکرای کرد “ژمارەی ئەو سووریانەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بە ئارەزووی خۆیان گەڕاونەتەوە، تا بەیانی دوێنێ دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، گەیشتووەتە 35 هەزار و 114 کەس.”

یەرلیکایا لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕوونی کردەوە “ژمارەی ئەو سووریانەی لە ساڵی 2017وە تائێستە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، گەیشتووەتە 775 هەزار و 114 کەس.”

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد “زۆربەی گەڕاوەکان دانیشتووی پارێزگای حەلەبن و زۆرینەی ئەو شارانەی تورکیا کە میوانداریی پەنابەرانی سووریایان کرد، ئەستەنبوڵ، غازی عەنتاب، شانلی ئورفا، هاتای، مێرسین، بوون.”