دووشەمە گەشتەکانی عێراق و لوبنان دەستپێدەکەنەوە

وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت: ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، گەشتەکانی نێوان عێراق و لوبنان دەستپێدەکەنەوە.

شەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕەزاق محێبس عیساوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایدەگەیەنێت: بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، بۆ ئاسانکاریی کردن لە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە لوبنانییانەی ئێستا لە عێراقن، وەزیری گواستنەوە بڕیاریدا ڕۆژی دووشەممە داهاتوو، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و لوبنان دەستپێبکەنەوە.

مەناف عەبدولمونعم، بەرێوەبەری گشتی هێلی ئاسمانی عێراق ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی و هونەری و لۆجستی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان عێراق و لوبنان کراوە، دەشڵێت: گەشتەکانی نێوان بەغدا و بەیرووت لە 1ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستپێدەکەنەوە.