ئەمەریکا.. ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە سەدا 18 زیادی کردووە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا بێماڵن، لەسەر شەقامەکان دەخەون، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، سەدا 18 زیادی کردووە.

وەزارەتی نیشتەجێبوونی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی 2024 ڕێژەی ئەو کەسانەی بێماڵن و لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، سەدا 18 زیادی کردووە و ژمارەکە بۆ 770 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکان، سەدا 32ـی ڕەشپێست و ئەفریقاییەکانی دانیشتووی ئەمەریکا بێماڵ و حاڵن. وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، یەک لەسەر چواری لانەوازەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەژین.

وەزارەتەکە، هۆی ئەم زیادبوونەی بۆ  گرانی نرخی خانوو، هەڵاوسان، هاتنی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر، زۆربوونی کارەساتی سرووشتی، کەمبوونەوەی ئەو هاوکارییانەی لە ماوەی پەتای کۆرۆنا پێشکەش دەکران، گەڕاندووەتەوە.

وەکوو ئەوەی وەزارەتی نیشتەجێبوونی ئەمەریکا ئاماژەی پێ کردووە، ئەم ئامارانە ئەو کاتە وەرگیراون، کاتێک بەرپرسانی شار و شارۆچکەکان بە شەو سەردانی چەندان شوێنیان کردووە.