ڕووسیا و چین و ئێران کۆبوونەوەی لوتکە دەبەستن

مۆسکۆ ئامادەکاریی کردووە بۆ پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆکی چین، کە بڕیاروایە لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانی ڕووسیا بکەن و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبوونەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی 27 کانوونی یەکەمی 2024، بڵاویکردەوە کە هەریەک لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە سەرەتایی ساڵی داهاتوو سەردانی مۆسکۆ بکەن و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبوونەوەی سێقۆڵی بکەن.

کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە 20 کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی مۆسکۆ دەکات، ئامانج لە سەردانەکەشی ئیمزا کردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشی هاوکاری بەرگرییە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا.

هەروەها، ئیگۆر مۆرگولۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە چین ئاشکرای کردووە، مۆسکۆ دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی نوێ بۆ پێشوازی لە سەرۆکی چین بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، کە ڕووسیا پلانی هەیە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانەکانی بەهێزتر بکات.