حکوومەتی غەززە ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تاوەکوو ئێستە، ئیسرائیل بە مەبەست سەدان ڕۆژنامەنووسی کوشتووە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، سزای بدات.
نووسینگەی میدیایی حکوومەتی غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26 کانوونی دووەمی 2024، هێزەکانی ئیسرائیل پێنج ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینییان لە غەززە کوشتووە، بەمەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستە کوژراون، گەیشتە 201 کەس.”
لــە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “بە توندی ئیدانەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە غەززە دەکەین، ئیسرائیل بە مەبەست ڕۆژنامەنووسەکان دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەش ئێمە ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بە بەرپرسیار دەزانین.”
حکوومەتی غەززە باسی لەوەش کردووە: “داوا لە کۆمەڵگای نێودەڵەتی دەکەین بەهۆی جینۆسایدکردنی ڕۆژنامەنووسان، ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزا بدات.”
ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارانی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن غەززەوە دەستبەسەر کران.