وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا جەختیان لە هەماهەنگیی کردووەتەوە بۆ لەناوبردنی داعش.
سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی دۆخی نوێی سووریا گفتوگۆیان کرد، وەک لوید ئۆستن ئاشکرای کردووە، لە گفتوگۆکەیاندا لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، جەختیان لە هەماهەنگیی کردووەتەوە بۆ لەناوبردنی داعش.
ئۆستن ڕایگەیاند: دەبێت کار بۆ سووریایەکی ئارام و سەقامگیر بکرێت.
یەکشەممەی ڕابردوو، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتی: گەورەترین نیگەرانیی ئێمە لە سووریا ئەوەیە، داعش سوود لە نەبوونی دەسەڵات لە ناوچەکە وەربگرێت، دەشڵێت: کوردەکان باشترین هاوپەیمانی ئێمە بوون لە شەڕی دژ بە داعش، نیگەرانین لەوەی تورکیا ئەوان بەشەڕی خۆیان سەرقاڵ بکەن.
سۆلیڤان گوتی: بەردەوامی بە پشتیوانییەکانمان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەدەین، بۆ ئەوەی داعش سەر هەڵنەداتەوە.