ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی 27 ی کانوونی یەکەمی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێتە دیمەشق و نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئەمەوی دەکات.
فاتیح پۆرتاکاڵ، ڕۆژنامەوان و بێژەری دیاری تورکیا ڕایگەیاند “ڕۆژی هەینی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە تورکیا نابێت و سەردانی دیمەشق دەکات.”
بڕیارە نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئەمەوی بە یاوەریی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆرتاکاڵ، ئامادەکاریی تەواو بۆ سەردانەکە کراوە و ئەمنییەتی ئەو ڕێڕەوەی کە ئەردۆغان پێیدا تێدەپەڕێت دابین کراوە. دوێنێ، دووشەممە،ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، لەمەودوا سەردان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا چڕتر دەکەنەوە.
چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان لە میانی سەردانەکەیدا، کۆمەڵێک دیداری گرنگ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ناسراو بە “ئەبو محەممەد جۆلانی” بکات.