كارزان گلی – ههولێر
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكی پارتی ئاییندە لە توركیا، پێی وایە یەپەگە و پەكەكە نابێت لە داهاتووی سووریادا رۆڵیان هەبێت و دەبێت لەناو ببرێن، بەڵام ئەو پرسەی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێكردووە لەبارەی پرسی كورد، ئەگەر بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێت، رەنگە پەیوەندی لەنێوان توركیا و پەیەدەدا دروست ببێت.
داودئۆغڵو، كە شارەزاییەكی زۆری لە سیاسەت و جیۆلۆجی سووریادا هەیە، دەڵێت ئەگەر لەدەسەڵات بوومایە، پێشنیارم دەكرد بۆ سووریا دەوڵەتێكی یەكگرتوو دروست ببێت، هەروەها ئەگەر سوورییەكان لەنێوان خۆیاندا ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی قبوڵ بكەن و رێك بكەون، ئەمە بۆ توركیا نابێتە كێشە و نابێت لێی بترسێت.
داودئۆغڵو، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (T24)ی توركی دەڵێت: ”ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی بۆ سووریا شتێك نییە توركیا لێی بترسێت، بۆ نموونە لە چەند شوێنێكی تریشدا دەكرێت ئۆتۆنۆمی بۆ توركمانەكان بێتە بوون، ئەوەی گرنگە بۆ توركیا، لە نزیك سنوورەكانمان هێزێكی رێكخراوی سەر بە دەوڵەت هەبێت نەك هێزێك لە دەرەوەی دەوڵەتی سووریا بێت، بە كورتی نابێت رێگە بدرێت قەندیلێكی تر دروست ببێتەوە لە سووریا.“
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، لەگەڵ ئەوەدایە لە هەر چوار دەوڵەتی كە كوردی بەسەر دابەش كراوە، پڕۆژەیەكی گشتگیر هەبێت.
زیاتر دەڵێت: ”پێویستە توركیا، پڕۆژەیەكی ئاشتی هەبێت بۆ پرسی كورد لە هەر چوار وڵاتی وەكوو توركیا، عێراق، ئێران و سووریا، واتە نابێت پرسی چارەسەری تەنیا لە توركیادا هەبێت. دوای رووخانی عوسمانی، كوردەكان لە سووریا نەبوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، تەنانەت سووریا ناسنامەشی بە كورد نەداوە، لە سەردەمی داگیركاری فەرەنساشدا كورد ناسنامەی نەبووە. ئێستا ئەگەر لە من بپرسن، كێ كوردەكان دەپارێزێت لە سووریا؟ دەڵێم كۆماری توركیا، واتە چارەسەركردنی پرسی كورد تەنیا لە توركیا نابێت، وێنەكە دەبێت گەورەتر بكرێت.“
داودئۆغڵو، لەبارەی (ئەحمەد شەرع) بۆچوونێكی جیاوازی هەیە، ئەو پێی وایە دەبێت شەرع خۆی بە سیكۆلاریزیم بكات، ئەوكات دەتوانێت سەركەوتوو بێت.
بە لای داودئۆغڵووەوە، گۆڕانی ئەحمەد شەرع، تەنیا گۆڕان نییە لە خۆیدا، دەبێت گۆڕانەكە لەناو كۆمەڵگەی سووریدا رەنگ بداتەوە، گەر وا نەكات چۆن دەتوانێت رێبەرایەتیی كریستیانەكان بكات، بۆیە ناچارە بگۆڕێت و ئەگەر نەگۆڕێت، كێشەی گەورە لە سووریا روو دەدات.
لە مانگی یەكی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترامپ، دەبێتە سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، هەموو چاویان لەسەر ئەوەیە، ئاخۆ ترامپ سیاسەتی بەرامبەر بە توركیا و یەپەگە چی دەبێت؟ ئایە پشت لە كورد دەكات و روو لە توركیا بكات؟ ئایە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بۆ توركیا چییە؟
ئەوەی مایەی مەترسییە بۆ داودئۆغڵو، كە ترامپ لەبارەی ئیسرائیلەوە لەگەڵ توركیا بكەوێتە مامەڵەیەكی مەترسیدار.
داودئۆغڵو دەڵێت: ”ترسی من ئەوەیە، ترامپ بڵێت ئێمە یەپەگە لە سووریا لەناو دەبەین، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا، ئێوە بەرزاییەكانی جۆلان بۆ ئیسرائیل چۆڵ بكەن و هیچ دەنگتان لێوە نەیەت كە ئیسرائیل داگیری بكات. لە جۆلان، بەرزایی هێرمۆن هەیە، كە شوێنێكی زۆر ستراتیژییە و لەوێ بنكەی سەربازی ئیسرائیل بوونی هەیە. سەرەكیترین گفتوگۆش لەنێوان توركیا و ئیسرائیل لەسەر بەرزایی هێرمۆنە لە جۆلان، بۆیە ئەگەر داوایەكی لەو شێوەیە هەبێت، بۆ توركیا و سووریا مەترسییە و نابێت قبوڵ بكرێت. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو كارتی فشارە لە دەستی ئیسرائیل و ئیدارەی ترامپ دەربهێنین، دەبێت بەشێوەیەكی تەندروست لەگەڵ كوردانی سووریا رێك بكەون.“