كارزان گلی – ههولێر
هەیئەی تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، كە پێشتر سوپای سووریای ئازاد بوو، ماوەیەكی زۆر وەكوو ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی سووریا ناویان دەهێنرا، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و تەحریر شام دەسەڵاتی شامی بەدەستە و میللی سووریاش ٢٠٪ی خاكی سووریای لەژێر كۆنتڕۆڵدایە. تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، مێژوویەكی تاڵیان لەگەڵ یەكتریدا هەیە، تەنانەت پێكدادانی زۆر توند لەنێوانیاندا هەبووە، بۆیە ئەو پرسیارە دروست بووە، ئایە ئەو دوو هێزە بەیەكەوە هەڵدەكەن؟ ئایە سوپای میللی سووریا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و دەچێتە ناو تەحریر شام؟
سوپای میللی سووریا، لەڕووی سەربازی و لۆجیستی و مووچەی مانگانەی سەربازەكان توركیا دابینی دەكات، بۆیە هەر مامەڵەیەك لەگەڵ ئەو سوپایە مامەڵەیە لەگەڵ توركیا.
دوای ئەوەی تەحریر شام، توانی دەسەڵاتی ئەسەد لەناو ببات، (ئەحمەد شەرع)، فەرماندەی ئەو هێزە داوای كرد هەموو گروپە چەكدارەكانی سووریا چەك دابنێن و بێنە ناو تەحریر شام، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بەئەرێنی وەڵامی ئەو داواكارییە نەدراوەتەوە.
شارەزایانی سەربازی پێیانوایە، دوای ئەسەد هاوپەیمانیی یان نزیكبوونەوەی تەحریر شام و سوپای میللی سووریا گرنگە بۆ ئارامی لە سووریا، بەڵام گەر پێكدادان روو بدات، دیسان بارودۆخی ناوەخۆی سووریا بەرەو شەڕێكی وێرانكەر هەنگاو دەنێت.
ئاوڕۆن زێلس، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ئەمریكا، پێیوایە تاوەكوو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لە نێوان ئەو هێزە رووی نەداوە، بۆیە ئەگەری پێكدادان بەهێزە.
ئەو قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: ”تەحریر شام، خەریكی ئەوەیە حكوومەتی سووریا رێكبخات و بەرەو دەسەڵاتە، بەڵام سوپای میللی توركیا، خەریكی شەڕكردنە لەگەڵ سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە)، بۆیە ئەگەری ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو دوو هێزە بكەونە ناو هاوپەیمانیی و رێككەوتنەوە زۆر لاوازە و روو نادات.“
ئۆڕوا ئارژۆپ، مامۆستا لە زانكۆی (مالمۆ) لە سوید، پێیوایە رێككەوتنێكی بەمانا لە نێوان ئەو دوو هێزەدا بوونی نییە، هەروەها نابێت بیرمان بچێت مێژووی ئەو دوو هێزە بەرامبەر بەیەكتری زۆر خوێناوییە.
ئۆڕوا پێیوایە، تەحریر شام، زۆر بە ترسەوە دەڕوانێتە سوپای میللی سووریا و بەهەموو شێوەیەك هەوڵی لەناوبردنی دەدات.
رەنگە توركیا رۆڵی هەبێت لەوەی ئەو دوو هێزە لە یەكتری نزیك بكاتەوە، بەڵام دەبێت تەحریر شام ئەوكات داواكارییەكانی توركیا جێبەجێ بكات، یاخود دەسەڵاتی سووریا لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیادا بێت وەكوو قوبرس، بەڵام ئایە ئەحمەد شەرع، ئەوە قبوڵ دەكات؟
سوپای میللی سووریا و تەحریر شام، رۆڵی سەرەكییان هەبوو لەوەی رێگری بكەن ملیۆنان ئاوارەی سووری روو لە توركیا نەكەن، هەروەها توركیاش رۆڵی هەبووە كە ئێران و رووسیا، ئەو هێزە لەناو نەبەن و لە رێككەوتنی ئەستانادا لە ٢٠١٩، ئاگربەستی لە ئیدلیب راگەیاند و تەحریر شامی لە بەڵای رووسیا پاراست، بۆیە توركیا لە هەوڵی ئەوەدایە ئەو دوو هێزە پێكدادان دروست نەكەن، چونكە هەر پێكدادانێك كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئەو سیاسەت و بەرنامەیە هەیە كە توركیا بۆ سووریای داناوە، بەڵام ئایە تا چەند سەركەوتوو دەبێت.
بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوانەی كراوە، لە ٢٠٢٠ تا ٢٠٢١، هەر لە نێوان سوپای میللی سووریادا ١٨٤ شەر روویداوە، واتە لەناو یەكدا كۆك نین و بەردەوام لەشەڕدان لەگەڵ یەكتری، بۆیە ئۆڕوا دەڵێت: ”ئەوان لەناو خۆیاندا نەتوانن رێكبكەون و ئەوەندە شەڕ لەگەڵ یەكتریدا بكەن، ئایە توركیا دەتوانێت ئەو هێزە بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ تەحریر شام؟“