كارزان گلی – ههولێر
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە چەند رۆژی داهاتوو سەردانی سووریا دەكات و لە مزگەوتی ئومەوی لە شام نوێژ دەكات، هەروەها ئاماژەی دا هاوكارییەكانی توركیا بۆ سووریا بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان، لە كاتی گەڕانەوەیدا لە میسر، لەناو فڕۆكە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی سووریا دووپاتی كردەوە، لەم كاتەدا سووریا زۆر پێویستی بە توركیایە، بۆیە وەكوو توركیا هەرگیز سووریا بەتەنیا جێ ناهێڵن.
ئەردۆغان، لە بەشێكی تری قسەكانیدا لەبارەی یەپەگە و پەكەكە گوتی: ”بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەپەگە و پەكەكە، ئێمە سوورییەكان تەنیا جێ ناهێڵین، لە ماوەیەكی نزیكدا لەگەڵ هاكان فیدان دەچینە سووریا، ئێمە بەیەكەوە پێكهاتەی سووریا دادەڕێژینەوە.“
ئەردۆغان، بەپێویستی دەزانێت، بۆ داهاتووی سووریا، دەستوورێكی بەرفراوان گرنگە و هەروەها سیستەمێكی تازە بنیاد بنێن. هەروەها دووپاتی کردەوە كە لەگەڵ جۆلانی و بەرپرسانی سووریا دەكەونە گفتوگۆ و یارمەتیان دەدەن.
ئەم گوتانەی ئەردۆغان، بەلای بەشێكی زۆری شرۆڤەكارانی سیاسی ئەوە دەگەیەنێت، كە ئەو دەیەوێت لە داهاتووی سوویادا رۆڵی زۆر گەورەی هەبێت، تەنانەت لە كاتی نووسینەوەی دەستوور و پێكهاتەی سیستەمی تازەدا، توركیا رۆڵی گەورە و كاریگەری هەبێت.
ئایا تەحریر شام ناوی لە لیستی تیرۆری توركیا دەردەهێنرێت؟
تەحریر شام و خودی (ئەحمەد شەرع) سەرۆكی ئەو دەستەیە، لەلای توركیا لە لیستی تیرۆرن، بەڵام لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (جەزیرە)، هاكان فیدان لەبارەی دەرهێنانی تەحریر لە لیستی تیرۆر گوتی: ”كاتی هاتووە لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا تەحریر شام ناوی لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، هەروەها توركیا لەو ڕووەوە هەنگاو دەهاوێت.“
ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) لە ١٢ی١٢ی ٢٠٢٤، سەردانی شامی كرد و لە مزگەوتی ئومەوی لە شام نوێژی هەبینی كرد.
هەروەها لە ١٤ی ١٢ی ٢٠٢٤، توركیا بە فەرمی لە شام باڵوێزخانەی خۆی كردەوە، ئەم هەنگاوانەی توركیا شەرعیەتدانە بە تەحریر شام و ئەم حكوومەتی كاتییەی سووریا، بۆیە لەماوەیەكی زۆر نزیكدا توركیا لە پەرلەمانەوە ناوی ئەحمەد شەرع و تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت.
ئەردۆغان، وەكوو ئەوەی باسی كرد، بە زۆر هیچ ئاوارەیەكی سووری ناگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوەی دەگەڕێتەوە بە ئارەزووی خۆی دەبێت و ئەوان لەسەر سەری خۆیان دادەنێن ئەگەر نەگەڕێنەوە سووریا.
بەڵام ئەردۆغان، لەگەڵ ئەوەدایە ئاوارە سوورییەكان بیر لە داهاتووی وڵاتی خۆیان بكەنەوە، چونكە لە هەموو روویەكەوە سووریا داڕووخاوە، بەتایبەت لە كەرتی ئاژەڵداری، وەبەرهێنان، پیشەسازی و زۆری تر، بۆیە گرنگە ئاوارە سوورییەكان دەستیان هەبێت لە بنیادنانەوەی وڵاتی خۆیان.
یەشار گوللەر، وەزیری بەرگری توركیا، دەڵێت رۆژانە ١١٠٠ بۆ ١٥٠٠ ئاوارەی سووری دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، پێشتر ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ئاوارە گەڕاونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات كە ئاوارە سوورییەكان مەیلیان هەیە خزمەتی وڵاتی خۆیان بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەردۆغان پلانی هەیە، لە داهاتووی سووریادا رۆڵی گەورەی هەبێت، بەتایبەت لە بونیادنانەوەی سووریا، كە دەیان كۆمپانیای توركی خۆیان ئامادە كردووە وەبەرهێنان لە سووریادا بكەن، جیا لەوەش لە ڕووی سیاسییەوە توركیا دەیەوێت سووریا بكاتە حەوشە چۆڵەی خۆی و حكوومەتی سووریا لەژێر كۆنترۆڵی خۆی بێت، بەڵام تا چەند ئەحمەد شەرع، دەچێتە ژێر كۆنترۆڵی توركیا، لە داهاتوویەكی نزیك دەردەكەوێت.