شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاژانسی فیدراڵی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ڕووسیا ‘ڕۆساڤیاتسیا’ لە پلاتفۆرمی تێلێگرام ڕایگەیاند، دوای هێرشی درۆنیی ئۆکرانیا بۆ سەر شارەکە، فڕۆکەخانەی کازان گەشتەکانی ڕاگرت.
ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی ڕووسیا بڵاویان کردەوە، ئۆکرانیا هێرشەکەی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە کازان، کە نزیکەی 800 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە.
ئاژانسی ‘تاس’ـی رووسی دەڵێت: هەشت هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکراوە، کە شەشیان کراوەتە سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون.
هەروەها دەسەڵاتی خۆجێی شارەکە بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاند، هێرشەکان هیچ زیانیکی مرۆییان نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو سوپای ڕووسیا بە درۆنی دروستکراوی ئێران لە چەند بەرەیەکەوەی هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک بەڵام توانیویانە شکست بە هێرشەکان بهێنن.
ئاژانسی هەواڵی Ukrinform بڵاوی کردووەتەوە، شەوی 20ی کانوونی دووەمی 2024، 57 درۆنی ڕووسییان لە چەند ناوچەیەکی جیاواز خستووەتە خوارەوە و بە پارازێتی ئەلکترۆنی توانیویانە ڕیگریی لە هێرشی 56 درۆنی دیکەش بکەن و شکست بە هێرشە درۆنییەکەی ڕووسیا بهێنن.
هەروا هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام ڕایگەیاندووە “هێزەکانی ڕووسیا، کاتژمێر 7ی ئێوارەی 20 ی کانوونی یەکەم، بە مووشەکێکی سیستەمی S-400 هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی دۆنیتسک، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.”