سەرۆکی ڕووسیا ڕەتی کردەوە شکستیان لە سووریا هێنابێت. باسی لەوەش کرد، لەوەتەی ئەسەد چووەتە مۆسکۆ، چاوی پێ نەکەتووەتەوە.
پێنجشەممە، 19-12-2024، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەمیانی پرێس کۆنفرانسی بەرفراوانی ساڵانەی خۆیدا لە مۆسکۆ, کە خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو؛ لەبارەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، ڕایگەیاند: “کەسانێک هەن هەوڵ دەدەن ئەوەی لە سووریا ڕووی دا، وەک شکستێک بۆ ڕووسیا بخەنە ڕوو، ئەمەش ڕاست نییە.”
پوتین لەبارەی هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیا، گوتی: “لەوەتەی بەشار ئەسەد هاتووەتە مۆسکۆ چاوم پێ نەکەوتووە، بەڵام بەنیازم قسەی لەگەڵ بکەم.” گوتیشی: “لەبارەی ڕۆژنامەنووسە ونبووەکەی ئەمەریکا لە سووریا، قسە لەگەڵ ئەسەد دەکەم.”
پوتین لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد “نزیکەی چوار هەزار چەکداری ئێرانیمان لە سووریاوە گواستووەتەوە تاران.”
لەبارەی چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا؛ پوتین ئاماژەی بەوە دا: ” نازانین تا چ ڕادەیەک پێویستمان بە بنکە سەربازییەکانمانە لە سووریا. ئێمە بە پشتبەستن بە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی ئێستە، بیر لە داهاتووی بنکەکانمان دەکەینەوە.”
وەکوو ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا باسی کرد، پێشنیازیان بۆ “هاوپەیمانەکانیان” کردووە، بنکە سەربازییە و دەریاییەکانی ڕووسیا لە سووریا بۆ مەرامی مرۆیی بەکار بهێنن.