پەیوەندیی دیپلۆماتیکی توركیا و ئێران دوای رووخانی ئەسەد بەكوێ دەگات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، ئێرانی نیگەران كرد، چونكە لەڕووی سەربازی و لۆجیستیکەوە باشترین و نزیكترین هاوپەیمانی بوو. ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، لە ١١ی١٢دا لە وتارێكدا ئەمریكا و ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان هەبووە لە كەوتنی ئەسەد، هەروەها بەبێ ئەوەی ناوی توركیا بهێنێت، گوتی وڵاتێكی داگیركەری دراوسێیش دەستی تێدا هەبووە. دوای ئەم تۆمەتباركردنەی توركیا، ئایا پەیوەندیی دیپلۆماتیکی ئێران و توركیا گۆڕانكاری بەسەر دێت؟

ئاشكرایە ئێران زۆر نیگەرانە لە سیاسەتی توركیا لە سووریا، بەڵام روون نییە وەڵامی ئێران بۆ توركیا چی دەبێت، ئایا پەیوەندیی دیپلۆماتیکی لەگەڵ دەپچڕێنێت، یان لە شوێنێكی تر و كاتێكی تردا تۆڵە لە توركیا دەكاتەوە.
ئەوكاتەی خامەنەیی توركیای بە داگیركەر تۆمەتبار كرد، عومەر پۆڵات، وەزیری بازرگانی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئابووریی بەشداربوو لە ئێران، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، ئامانجیانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لەگەڵ ئێراندا بگەیەننە ٣٠ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.
سینان ئولگەن، لێكۆڵەری سیاسی پێی وایە، هەردوو هێزی ناوچەیی، بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكەن، ئەویش لەبەر بەرژەوەندیی سیاسی خۆیان.
ئولگەن، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”پێم وانییە پەیوەندیی دیپلۆماتیکی نێوان توركیا و ئێران لە رەگەوە گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەو دوو وڵاتە هەمیشە لە ململانێدا بوونە لەسەر بڕشت و نفوزی خۆیان لە ناوچەكە و هەر بەردەوامیش دەبن.“
بەڵام هازار ڤراڵ، مامۆستا لە زانكۆی ئایدن لە ئیستانبۆڵ، پێی وایە ئەم رووداوانەی سووریا، پێمان دەڵێت كە هێڵی نێوان ئەنكەرا و تاران، گۆڕانی زۆر بەخۆوە دەبینێت.
هازار، قسەی بۆ هەمان ئاژانسی ناوبراو كردووە، دەڵێت ئێمە لەو قۆناغەداین كە ئێران پێگە و هێزی خۆی لە سووریا لەدەست داوە.
بە گوێرەی بۆچوونەكان، ئێران دەبێت ناچار بێت دان بەوەدا بنێت كە توركیا لە گۆڕەپانی سووریادا ئیدی یاریكەرێكی گرنگە، بەڵام ئایا تا چەند توركیا سەركەوتوو دەبێت ئەمە بابەتێكی ترە و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی چۆن ئەو هێزانەی ناو سووریا كۆ بكاتەوە و ئاشتییەكی بەردەوام بەرقەرار بێت.
ئۆراڵ تۆغا، شارەزای سیاسەتی ئێران، پێی وایە هەرچەندی توركیا لە سووریا ئێرانی سووتاندبێت و هەرچەندی ئێران نیگەران بێت لە سیاسەتی توركیا، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ئێران توند بێت بەرامبەر بە توركیا، چونكە بۆ ئێستای ئێران ئارامی بۆ وڵاتەكەی زۆر گرنگە.
هازار، لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژە دەدات، پەیوەندی نێوان توركیا و ئێران تەنیا ئەوە نییە كە دراوسێیەكی باش بن بۆ یەكتری، نەخێر پشتیش لە یەكتری ناكەن.
زیاتر دەڵێت: ”ئەو دوو وڵاتە هیچ كاتێك دەستبەرداری ئەوە نابن لەسەر ئاستی باڵادا گفتوگۆ بكەن، چونكە بەشێوەیەكی گشتی ئەو دوو هێزە لە جوگرافیایەكدان خەنیم و رکابەرەکانیان لە یەكترییەوە نزیكە.“
هەندێك لە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن تا دۆناڵد ترامپ، دەستبەكار ببێت وەكوو سەرۆكی ئەمریكا، ئەوكات گەمارۆی زیاتری ئابووری دەخاتە سەر ئێران، توركیاش ناچار دەكات بەشدار بێت لەو گەمارۆیەدا و ئەمەش پەیوەندیی توركیا و ئێران ئاڵۆزتر دەكات.
بەڵام سینان وا بیر ناكاتەوە و دەڵێت: ”روونە ترامپ سزای ئابووری بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، بەڵام ناتوانێت توركیا ناچار بكات بەشدار بێت لەو سزایە. بۆ نموونە توركیا ناچارە گازی سروشتی لە ئێران بكڕێت و ئەمریكا ناتوانێت ئەو رێگەیەی لێ بگرێت.“
سیناریۆیەك هەیە، كە ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمریكا، ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لەناو ببات، بۆ ئەمەش ئەمریكا داوای كردووە وڵاتان هاوكاری بن، بەتایبەت توركیا، بەڵام پێناچیت توركیا بە ئەرێنی وەڵام بداتەوە، چونكە ئەگەر شەڕی ناوچەیی فراوان ببێت لە بەرژەوەندی توركیادا نییە، بۆیە توركیا ئەو سیناریۆیەی ناوێت و رەتی دەكاتەوە.