نووسەرانی توركیا دەربارەی ئاییندەی كورد لە سووریا چ دەڵێن؟

 

 

نووسەرانی توركیا، بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەبارەی ئاییندەی كورد لە سووریا، بەشێكیان پێیان وایە مەحاڵە بەبێ یەپەگە، حكوومەتی سووریا بەهێز ببێت، یاخود لەناوچوونی یەپەگە لە سووریا بە مەحاڵ دەزانن، بەڵام بەشێكی تر، پێیان وایە توركیا ئەوەندە یاریكەرێكی سەرەكی و براوەی ئەم بارودۆخەیە، کە رەنگە یەپەگە هیچ ئومێدی لە ئاییندەی سووریادا نەبێت.

فاتح ئاڵتایلی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، كە لە هەموو سەركردەكانی توركیاوە نزیكە، پێی وایە بەهیچ شێوەیەك، تەحریر شام، ناتوانێت چەك بە یەپەگە دابنێت، چونكە ئەمریكا ئەوە قبوڵ ناكات، هەروەها چوونی ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا بۆ شام، بەو مانایە نییە، ئەمریكا سیاسەتی بەرامبەر بە یەپەگە گۆڕاوە.
ئاڵتایلی، لە نووسێنێكدا دەنووسێت:
“ئێوە سەیری جەولانی مەكەن، كە دەڵێت پێویستە هەموو گروپەكانی سووریا چەكەكانیان دابنێن، چونكە یەپەگە و پەكەكە چەك دانانێن و شتی وا نییە. ئەگەر كار بگاتە سەر ئەو حاڵە، ئەمریكا، یەپەگە و پەكەكە بەجێ ناهێڵێت و دەسەڵاتێك ناداتە تەحریر شام بتوانێت یەپەگە چەك بكات. كاتێك ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی میتی توركیا لە مزگەوتی ئەمەوی لە شام نوێژی هەینی دەكات، ئەمە بەو مانایە نییە كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە یەپەگە گۆڕاوە، رێك پێچەوانەكەیەتی، رەنگە سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە ئەمریكا گۆڕابێت.”
یەپەگە بە لای توركیاوە تیرۆریستە، بۆیە نووسەرانی توركیا ناتوانن وەكوو پێویست باس لە گرنگی و بوونی یەپەگە بكەن لە ئاییندەی سووریادا، چونكە رووبەڕووی دادگا دەبنەوە.
هەركە رژێمی ئەسەد رووخا، دوای دوو رۆژ، نەڤشین مێنگۆ، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا چووە شام و لەوێ دیمانەیەكی لەگەڵ ساڵح موسلیمدا کرد و لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، هەرزوو داواكاری گشتی لێی هاتە وەڵام و هەڕەشەی لێ كرا.
ئەگەرچی نەڤشین، دیمانەكەی سڕییەوە، بەڵام كاتێك گەڕایەوە بۆ توركیا راپێچی دادگایان كرد، بە تۆمەتی ئەوەی پڕۆپاگەندەی بۆ تیرۆر كردووە و بە كەفالەت ئازاد كرا و گەشتی چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە كرا.
ئەمەش لە كاتێكدا كە محەمەد جەولانی، سەرۆكی هەیئەی تەحریر شام، لە لای حكوومەتی توركیاوە وەكوو تیرۆریست ناسێنراوە، بەڵام دەركەوتنی لە میدیاكانی توركیا هیچ سزایەكی لەسەر نییە، بۆیە قسەكردن لەبارەی یەپەگە و ئاییندەی كورد لە سووریا، لە میدیاكانی توركیا بووەتە ئەستەم و ئەوانەشی شرۆڤە دەكەن، یان لە دەرەوەی توركیان، یان زۆر بەناوبانگن، كە زەحمەتە بتوانرێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ئاڵتان تان، نووسەر و سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، پێی وایە ئاییندەی كورد لە سووریا تەنیا فیدراڵییە، چونكە بەبێ مافی كورد، حكوومەتی سووریا بەهێز نابێت.
ئاڵتان تان، لەگەڵ ئەوەیە یەپەگە بە هەموو شێوەیەك خۆی لە پەكەكە جیا بكاتەوە و پەیوەندیی پێیانەوە نەبێت، پاشان لە حكوومەتی ئاییندەی سووریادا، پێویستە كورد رۆڵی بدرێتێ و وەكوو چۆن لە عێراقدا كورد فیدراڵیی هەیە، بۆ سووریاش هەمان شتە و پێویستە كورد فیدراڵیی بدرێتێ.