تورکیا تیمێکی فریاگوزاریی بۆ گەڕان بەدوای زیندانییەکانی سێدنایا دەنێرێتە سووریا

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، تیمێکی گەڕان و فریاگوزاریی ڕێکخراوی ‘ئافاد’ـی تورکیا دەچنە زیندانی سەربازیی سێدنایە لە سووریا، کە لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەدەوە بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاووڵاتیان بەکار هێنراوە.

ڕێکخراوی ئافاد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە “ناردنی تیمی گەڕان و فریاگوزاریی دوای ئەوە دێت، کە ئەگەری هەیە هێشتا زیندانەکان لەناو بەشە نهێنییەکانی زیندانەکەدا مابن.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “ئەو تیمەی کە دەگەنە زیندانی سێدنایا، ئامێری پێشکەوتوو بۆ گەڕان بەکار دەهێنن.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “تیمەکە لە 80 کەس پێک دێت، لە کاتی گەیشتنیان بە زیندانەکە دەست بە گەڕان دەکەن، زیندانەکە 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی دیمەشقەوە دوورە.”

ڕۆژی یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشقیان کرد، بەڵام پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە ناو دیمەشق، لە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەیانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاوی سووریا بە فڕۆکە بەرەو ڕووسیا هەڵات.