وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جارێکی دیکە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە و پشتگیریی خۆیشی بۆ “شەڕی سووریاییەکان بۆ شکۆ، ئازادی و دادپەروەری” دووپات دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیریی خۆی “لە شۆڕشی گەلی سووریا و شەڕی سووریاییەکان بۆ شکۆ، ئازادی و دادپەروەری” دووپات کردەوە و گوتی: “شۆڕشی سووریاییەکان دژی ڕژێمێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر بووە.”
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاریان داوە، ڕۆژی سێشەممە، 17-12-2024، دوای 13 ساڵ، باڵیۆزخانەکەیان لە پایتەختی سووریا بکەنەوە.
کردنەوەی باڵیۆزخانەی قەتەر لە دیمەشق، وەکوو ئەوەی لـە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هاوشانی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریایە، ئەمە دەبێتە هۆی زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانی قەتەر بۆ سووریا لە ماوەی دەسەڵاتی ڕاگوزەریدا”.
لە لایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرایان کردووە، چاوەڕێ دەکرێت ئێرانیش بەم زووانە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق بکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دووشەممە، 15-12-2024، تورکیا دوای 12 ساڵجارێکی دیکە باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق کردەوە.