سیناریۆی سیاسەتی نوێی جیهان

لە سەردەمی ئێستادا، سیاسەتی جیهانی تووشی گۆڕانکاریەکی قووڵ و بنەڕەتی بووە، کە تیایدا هاوکێشە جیۆپۆلیتیکیەکان بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەری دەڕۆن. ململانێی نێوان هێزە گەورەکانی وەک: ئەمریکا، چین و ڕووسیا، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی سیاسی و ئابووریی جیهان هەیە. سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیا، گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان، و ناکۆکیە ناوچەییەکان، وەک ململانێی ڕووسیا و ئۆکراینا، ئاڵۆزی و نادڵنیایی زیاتر بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی دروست دەکەن. هاوکات، گرنگیی دیپلۆماسی، هاریکاریی نێودەوڵەتی، و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان، وەک ڕێگایەکی گرنگ بۆ سەقامگیری و پێشکەوتنی جیهان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوێت.

ئەم سەردەمەی ئێستا، سەردەمی گۆڕانکارییە. گۆڕانکارییەک کە نە لە ناوچەیەک، بەڵکوو لە چەندین وڵاتی جیهانی سێیەم بەرچاو دەکەوێت. سووریا، ئەڤغانستان، عێراق، تەنها چەند نموونەیەکن لەم پڕۆسەیەدا.
ئەمەریکا، وەک زلهێزێکی جیهانی، ڕۆڵێکی سەرەکی لەم گۆڕانکارییانەدا دەبینێت. سیاسەتی ئەو وڵاتە گۆڕاوە. ئیتر ئەو سیاسەتەی پێشووی نەماوە کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو. ئەوان ئیتر بە درێژایی چەندین ساڵ پاڵپشتی وڵاتان ناکەن، بەڵکوو کتوپڕ و بێ ئامادەکاری پاشەکشێ دەکەن.
لە سووریادا، زلهێزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر ئامۆژگاریی رژێمی ئەسەدیان کرد. رووسیا و ئەمەریکا هەردووکیان هانیاندا کەمێک گۆڕانکاری بکات، بەڵام ئەسەد گوێی نەگرت. ئەنجام چی بوو؟ رووسیا پشتی بەردا و ئەمەریکاش بە شێوەیەکی سەیر دەستی خۆی وەشاند. هەمان سیناریۆ لە ئەڤغانستانیش دووبارە بووەوە. ئەمەریکا بۆ ٢٠ ساڵ پاڵپشتی حکوومەتی دێموکراتی کرد، بەڵام کاتێک بینی ئەو حکوومەتە ناتوانێت سیستەمێکی پێشکەوتوو دروست بکات، بە یەکجار هەموو شتەکانی هەڵوەشاندەوە.
عێراقیش لەم نێوەدا دانیشتووە و چاوەڕوانی نۆرەی خۆیەتی. نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر، ئەم مەترسییە هەست پێدەکات. ئەمەریکا ٢٠ ساڵە لە عێراق ماوەتەوە، خەرجی بۆ کردووە، سەربازی بۆ بە کوشت داوە، بەڵام بەرپرسانی عێراقی گوێیان بە ئامۆژگارییەکانی نەداوە
سەیر لەوەدایە، کاتێک سەدامیان رووخاند، ٦٨ وڵاتی هاوپەیمان پێکەوە هاتن. ئەوان لایەنگرانی خۆیان هێنایە دەسەڵات، بەڵام دواتر ئەو لایەنانە تەواو سەربەخۆ بوون و گوێیان بە هاوپەیمانەکانیان نەدا. ئایا ئەمە دەبێتە نەریتێکی نوێی سیاسەتی جیهانی؟ ئایا ئەمەریکا لە داهاتوودا بەم شێوەیە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەجووڵێتەوە؟ ئەمە پرسیارێکە کە تەنها کات دەتوانێت وەڵامی بداتەوە.
بەڵام ئەوەی ئێستا دیارە، جیهان بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورە دەچێت. گۆڕانکارییەک کە سنووری وڵاتان تێدەپەڕێنێت و داهاتوو سیاسی ناوچەکەمان بە تەواوی دەگۆڕیت.