ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل 40 هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و دەورووبەری و حەلەب و سوەیدا و مەسیاف و قەلەمون
ڕامی عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند، “لەکاتژمێر 2:00ـی بەیانی بەکاتی سووریا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل 28 هێرشی کردووەتە سەر قەلەموونی ڕۆژهەڵات، جگە لە هێرشەکانی دیکە کە کردوویەتییە سەر شارەکانی دیکە.”
گوتیشی: “ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سەکۆی مووشەک و تونێلەکان و فڕۆکەخانەی ناسرییە و ژێرخان و پێگە سەربازییەکانی سووریا کردووە، ئەمڕۆ 40 هێرشی کردووەتە سەر دیمەشق و دەورووبەری حەلەب و سوەیدا و مەسیاف و قەلەمون.”
ئاماژەی بەوەش کرد “لەو ڕۆژەی بەشار ئەسەد هەڵاتووە تاوەکوو ئێستا، ئیسرائیل 420 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا، هەموو کۆگانی چەک و فڕۆکەی سەربازی و هێلیکۆپتەری سوپای سووریای وێران کردووە، لەهەمووی گرنگتر، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ وێرانکردنی شارەکانی سووریا و کوشتنی هاووڵاتیانی سووریایە.”
باسی لەوەش کرد “خاڵێکی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە، حکوومەتی ڕژێمی سووریا، 300 هەزار سەرباز و هێزی ئەمنی هەبوو، ئایا ئێستا ئەوانە لەکوێن؟ چارەنووسیان چییە؟ هەروەها ئێستا ئەگەر پێشێلکاری ئەمنیی هەبێت، بە کەمیی لە پارێزگای تەرتوس ڕوو دەدەن، بەڵام ئێستا دۆخەکە هەزار جار لە کاتی حوکمی بەشار ئەسەد باشترە.”