بۆ خوێندن چووبووە سووریا بەڵام 43 ساڵی لە زیندان بەسەر برد؛ “ئومێدی ئازادیم هەبوو”

وەلید بـەرەکاتی فەڵەستینی، ساڵی 1982 کاتێک تەمەنی 25 ساڵ بوو، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنەکەی چووە سووریا، بەڵام لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دەستگیر کرا. 

وەلید بـەرەکات بە ماڵپەری “ئەلعاسیمە نیوز”ـی فەڵەستینی ڕاگەیاند “لە فڕۆکەخانەی دیمەشق بە شێوەیەکی ‘زۆر نامرۆڤانە’ دەستگیر کرام و هەندێک تۆمەتیان خستە پاڵم، بێ بنەمابوون و لێیان تێنەدەگەیشتم.”

بـەرەکات باسی لەوەش کرد “43 ساڵ لە زینداندا بووم، تا تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر زیندانییەکەم، ئینجا زانیم سزای زیندانیی تا هەتایە بەسەر مندا سەپێندراوە، چونکە دادگاییکردنەکە ساختە بوو و وردەکارییەکانیم نەدەزانی.”

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لەنێوان چەندین زیندانی سووریادا گواستراوەتە و ساڵی 2001 گواستراوەتەوە بۆ زیندانی “سەیدنایە” لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا و دوایین جاریش بۆ زیندانی “عەدرا” گواستراوەتەوە.

بەرەکات دووپاتی کردەوە، بەهۆی ئەو ئەشکەنجەیەی لە زینداندا تووشی بووە چەندین جار لە مردن نزیک بووەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە بەردەوام ئومێدی ئەوەی هەبووە کە ڕۆژێک دێت ئازاد دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینییە کە ئێستە تەمەنی 68 ساڵە، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دڵتەنگ و ناڕەحەتی کردووە، ئەو کاتە بوو کە بۆی دەرکەوت، دایک و باوک و خوشک و براکانی لەو ماوەیەی کە لە زینداندا بووە، مردوون.