شام بۆچی ئەوەندە زوو كەوت؟

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە ٢٠١١ و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، ناوی تەحریر شام و سەرۆكەكەیان گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ٧/١٢/٢٠٢٤، تەحریر شام ناوی لە میدیا جیهانییەكاندا دەنگی دایەوە و زۆرترین قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەو هێزەی توانیی لە ماوەیەیەكی زۆر كەمدا كۆتایی بە دەسەڵاتی ٥٣ ساڵەی خانەوادەی ئەسەد بهێنێت.

ئەو پرسیارەی زۆربەی سیاسی و شڕۆڤەكاران دەیكەن، بۆچی شام ئەوەندە زوو كەوت؟ دارا كۆندویت، شارەزای سیاسەتی سووریا، كە لەنەمسا دادەنیشێت، پێیوایە ماوەیەكی زۆرە سوپای سووریا لەشەڕدایە، سوپا زۆر ماندوو ببوو و توانای شەڕی نەمابوو و زیانێكی زۆریشی بەركەوتبوو.
دارا قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”هاوپەیمانەكانی سووریا، كە رووسیا و ئێران و حیزبوڵا بوو، بەشەڕی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون و توانای ئەوەیان نەبوو پشتگیری لە ئەسەد و رژێمەكەی بكەن.“
لەدوا ساتەكاندا مووچەی سەربازی زیاد كرد
لە شەڕی ناوەخۆیی سووریا واتە لە ٢٠١١، رێژەی سەربازی سووریا ٣٠٠ هەزار بوو، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ، ئەو سوپایە دابەش بوو و ژمارەیان كەم بووەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، بەشێكی سوپای سووریا چوونەتە ناو ئەو گروپە جۆراوجۆرانەی لەشەڕی ناوەخۆدا دروست بوون، بۆیە ژمارەی سەرباز بۆ نیوە كەم بووەوە. هێزە ئاسمانییەكانی سووریا، بەهۆی ئەو پەلامارانەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا، هەروەها شەڕی ناوەخۆ زۆر لاواز ببوو، هەروەها كەمی مووچەی سەربازیش وای كردبوو، سەرباز نەتوانێت هیچ بەرگرییەك بكات.
مووچەی سەرباز لە سووریا ١٧ دۆلار بووە، بەڵام ئەسەد لە دوا ساتەكانی كەوتنی شام، ٥٠٪ مووچەی سوربازی زیاد كرد، بەڵام ئەمە دادی نەدا و سەربازی سووری نەیانتوانی بەرگری لە ئەسەد بكەن. بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی ئەمریكا خستبوویە سەر سووریا، ئەو وڵاتە زۆر هەژار ببوو، تەنانەت سەرباز وەكوو پێویست سكی تێر نەبووە و خواردنی بۆ دابین نەكراوە.
بۆچی ئێران پاڵپشتی لە ئەسەد نەكرد
ئێران كە هاوپەیمانێكی گرنگی رژێمی ئەسەد بوو، لەم كاتەدا پشتی ئەسەدی نەگرت و تا ئەوكاتەی رووخاش هیچ هەوڵێكی بۆ رزگاركردنی شام نەدا.
دكتۆر یەزید سیاغ، پێیوایە كاتێك سوپا زانی ئێران و رووسیا و حیزبوڵا هیچ هاوكارییەكی ئەسەد ناكەن، بۆیە ئەمە كاریگەریی زۆر بوو تا ورەیان بێتە خوارەوە. ئەگەرچی هەوڵێكی زۆر درا، تا لەرێگەی ئەو گروپانەی سەر بە ئێرانن لە عێڕاق هاوكاری ئەسەد بكەن، بەڵام وەكوو ئەوەی یەزید باسی دەكات ئەمە مەحاڵ بووە.
سووریا لەژێر كۆنترۆڵی كێدایە؟
بەپاڵپشتی ئێران و رووسیا و حیزبوڵا، بەشار ئەسەد، بەشێكی زۆری خاكی سووریای لەژێر دەست بوو، واتە زیاتر لە ٦٠٪ی خاكی سووریا لەژێر كۆنترۆڵ بوو. رۆژئاوای كوردستانیش كە ٣٠٪ی خاكی سووریایە لەژێر دەستی (هەسەدە) بوو، واتە یەپەگە و كورد، بۆیە تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، كە توركیا پاڵپشتی دەكردن، تەنیا ١٥٪ خاكی سووریایان لەژێر دەستدا بووە. بەڵام دوای كەوتنی ئەسەد، دەكرێت بڵێن زیاتر لە ٥٠٪ی خاكی سووریا كەوتە ژێر دەستی تەحریر شام و ٣٥٪یش هەسەدە و ئەویش تریش لە دەستی سوپای میللی سووریایە. رۆژ بەرۆژ هاوكێشەی هێز لە سووریا گۆڕانی بەسەردا دێت، تاوەكوو ئێستاش روون نییە، ئاخۆ تەحریر شام، بەرەی شەڕ دژی هەسەدە دەكاتەوە یان نا؟