بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2024، دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دێرەزوور، گرووپە چەکدارەکان چوونە نێو شارەکە و فەرماندەی گشتیی هەسەدەش ڕایگەیاند، بە نێوەندگیری ئەمەریکا ئاگربەستێکیان لە مەنبج کردووە.
سەبارەت بە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، بە تایبەت لە سنووری شارۆچکەی مەنبج، مەزڵووم، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل و دەرچوونی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج کە لە 27ی مانگی ڕابردووەوە بەرگری دەکەن، بە نێوەندگیری ئەمەریکا ڕێککەوتنێکیان کردووە بۆ ئاگربەست لە ڕۆژئاوای چەمی فورات.
عەبدی نووسیویەتی: مەبەستمانە لە نزیکترین کاتدا ئاگربەستێکی سەرتاسەری لە سووریا بکرێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسیی لە پێناو داهاتووی وڵات”.
هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوو گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندی پارێزگای دێرەزوور و دەوروبەری، هێزەکانی هەسەدەیان ناچار بە پاشەکشێ کردووە و لە بەرە بەیانی ئەمڕۆکەوە گرووپە چەکدارەکان لە ناو شارەکە و تەواوی ناوچەکانی دیکە بڵاو بوونەتەوە.
سەرەتاکانی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنی حەلەب، ئۆپۆزسیۆنی سووریا شارۆچکەی تەل ڕەفعەتیان لە دەستی هێزەکانی سووریا دەرهێنا، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر، پاش کشانەوەی سەربازییەکانی سوپای ڕژێمی سووریا لە شاری دێرەزوور و گوندەکانی دەوروبەری، وایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی شارەکە و فڕۆکەخانەی دێرەزوور و زیاتر لە حەوت گوندی ناوچەکە بکەن.