ناتانیاهۆ: لە بەردەم دادگادا ڕاستییەکان دەخەمەڕوو

دوای ئەوەی چەندان جار، دادگایکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوا خرا، بڕیارە ئەمڕۆ، سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، دادگایکردنەکەی دەست پێ بکاتەوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و دەورووبەرەکەی هەموو هەوڵ و توانایەکی یاسایی خۆیان بۆ دواخستنی ئەم دادگاییکردنە دەدەن.

نەتانیاهۆ، کە هێشتا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە، بە تۆمەتی گەندەڵی تاوان دادگایی دەکرێت.

لە دوای مانگی ئایاری 2020، یەکەمجارە ناتانیاهۆ لەبەردەم دادگا ئامادە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەت و تاوانانەی خراونەتە پاڵی، کە لەلایەن یاریدەدەرەکانی پێشوویەوە ئاراستەی کرابوون، دادگاش لای خۆیەوە تاوتوێی سێ دۆسییەی ئەو تۆمەتانە دەکات.

دادگاییکردنەکە ئەمڕۆ دەست پێ دەکات، کە پێشتر بەهۆی شەڕی کەرتی غەززەوە ڕاگیرا بوو. نەتانیاهۆ چەندان جار داواکاریی پێشکەش کردبوو، تاکوو دانیشتنی دادگا دوا بخرێت، ئەویش بەهۆی پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری2023وە.

ناتانیاهۆ، دوێنێ دووشەممە، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “لەبەردەم دادگا دەوەستم،  ڕاستییەکان دەدرکێنم و خۆم نادزمەوە.”

ئاماژەی بەوەش کرد “هەشت ساڵە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەم، دەمەوێت ڕاستییەکانی ئەو هەشت ساڵە بخەمە ڕوو و ئەو تۆمەتە گاڵتەجاڕ و بێبنەما و پووچانە، پووچەڵ بکەمەوە کە ئاراستەم کراون. هەروەها، جارێکی دیکە ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانەی لەلایەن سیاسیی و نەیارەکانمەوە ئیدانە دەکەم.”

لەبەر هۆی ئەمنیی دانیشتنەکانی دادگاییکردنەکە لە قودسەوە گواسترانەوە بۆ تەلئەڤیڤ و لەوێ ناتانیاهۆ لە هۆڵێکی ژێر زەمینیدا ئامادە دەبێت.

لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەیەدا هەفتانە چەند دانیشتنێک بەڕێوە دەچێت و  چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.