ئەبو محەممەد جۆلانی: ناوی ئەوکەسانە بڵاو دەکەینەوە کە لە ئەشکەنجەدانی گەلی سووریا تێوەگلاون

سەرکردەی دەستەی تەحریر شام، ئەحمەد ئەلشەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی ڕایگەیاند “بەم نزیکانە دەسەڵاتی نوێی سووریا ‘لیستی ناوی ئەو کەسانەی بە ئەشکەنجەدانی گەلی سووریا تێوەگلاون’ بڵاو دەکەینەوە بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان.” 

سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد ئەلشەرع ‘ئەبو محەممەد جۆلانی’ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “پاداشت پێشکەشی هەر کەسێک دەکەین، کە زانیاریی لەسەر ئەفسەرانی پلە باڵای سوپا و هێزە ئەمنییەکان بدات، ئەوانەی  لە تاوانەکانی جەنگ تێوەگلاون.” هەروەها “بەڵێنیشیان داوە،  ئەو کەسانەی  بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتوون، بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەیان وەربگرن.”

جۆلانی گوتیشی: “ئێمە پابەندبوونمان بە لێبوردەیی گشتی دووپات دەکەینەوە بەرامبەر بەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی گەلی سووریا سوور نەبووە، هەروەها لێبووردنەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە خزمەتی سەربازی تەوزیمیدا بوون.” جەختیشی کردەوە کە “خوێن و مافەکانی کوژراو و دەستگیرکراوانی بێتاوان بەفیڕۆ ناچێت و لەبیر ناکرێن.”