ئەمەریکا، سزای بەسەر دوو بەرپرس و خەزووری بەشار ئەسەددا سەپاند

واشنتۆن دوو بەرپرسی باڵای سەردەمی ڕژێمی ئەسەدی بە کردنی “تاوانی جەنگ” تۆمەتبار کرد، هەروەها سزای بەسەر فەواز ئەخرەس، خەزووری بەشار ئەسەددا سەپاند.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند، “ئەو دوو بەرپرسە، جەمیل حەسەن 72 ساڵ و عەبدولسەلام مەحموود 65 ساڵ، کە بەرپرسانی پێشووی هەواڵگریی سووریان، تێوەگلان لە مامەڵەکردنی دڕندانە و نامرۆڤانە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان، لەنێویاندا هاووڵاتیانی ئەمەریکی، لەکاتی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە لە نزیک دیمەشق، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارانە دەرچووە.”

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا هاتووە “فەواز ئەخرەس خرایە لیستی سزاکانەوە بەهۆی پێشکەشکردنی پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ بەشار ئەسەد سەبارەت بە بابەتە داراییەکان و خۆدزینەوە لە سزاکان.”

فەواز ئەخرەس، خەزووری بەشار ئەسەد، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1946 لە شاری حمس لەدایک بووە، خاوەنی دوو ڕەگەزنامەی سووری و بەریتانیە. هەروەها پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵە و لە لەندەن کاری پزیشکی کردووە، کچەکەشی بەناوی ئەسما، هاوسەری بەشار ئەسەدە.

ناونیشانی تۆمارکراوی ئەخرەس لەسەر خانوویەکی ڕۆژئاوای لەندەنە، لە ساڵی 2020دا لەگەڵ ئەسمای کچی و سەحەری هاوسەری و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی خێزانەکەی خرایە لیستی سزاکانی ئەمەریکا.