ئوردن و ئەمریکا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد

فەرماندەی سوپای ئوردن، لیوا یوسف حنێتی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنیدا، ھەروەھا دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

سوپای ئوردن لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لیوا یوسف حنێتی پێشوازی کردووە لە جەنەراڵ مایکڵ کوریللا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری ئەمنیدا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی پێشھاتەکانی ناوچەکە.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، فەرماندەی سوپای ئوردن جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی ستراتیژیی نێوان ھەردوو وڵات و یەکخستنی ھەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، ئەوەش بە ئامانجی بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەبەرامبەردا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی ھێزەکانی سوپای ئوردن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان لە بواری بەرگرییدا، بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر جێبەجێ بکەن.