كارزان گلی – ههولێر
رژێمی سووریا كە زیاتر لە ٥٠ ساڵە دەسەڵاتی سووریایان لەژێر دەستە، بە ئاسانی و لە ماوەیەكی كەمدا كەوت، وڵاتانی دراوسێ خەریكی ئەوەن ستراتیژییەتی خۆیان لە سووریا بگۆڕن و دەسەڵاتیان زیاد بكەن، یەكێك لەوانە توركیایە.
گەلی سووریا لە خۆشی رووخانی ئەسەد هاتوونەتە سەرشەقام و سەما دەكەن، بەڵام روون نییە داهاتووی ئەو وڵاتە چی لێ دێت، ئایا رەوشی ئابووری بەرەو باشی دەڕوات؟ ئایا شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێت؟ ئایا گەلی سووریا ئیدی لە خۆشیدا دەبن و وڵاتەكەیان لە شەڕ و ماڵوێرانی و ئاوارەیی رزگاریان دەبێت؟
بە گوێرەی شرۆڤەی ئاژانسی (ئۆكسجین)ی توركی، رژێمی سووریا بووە قوربانی جەنگی ئۆكراینا و لوبنان، هەروەها هەردوو دۆست و هاوپەیمانەكەشی كە رووسیا و ئێران بوو پشتیان تێ كرد.
ئیران، رووسیا، توركیا، ئیسرائیل و ئەمریكا، لە هەوڵی ئەوەدان دوای رووخانی ئەسەد، بە زیان لە هاوكێشەی سووریا نەچنە دەرەوە، بەڵكوو بتوانن پێگەی خۆیان بەهێز بكەن، پێشبینییەكان بەرەو ئەوەن، توركیا لە داهاتووی سووریادا قورسایی و پێگەی بەهێز دەبێت، واتە ئەو بۆشاییەی دروست بووە، رەنگە توركیا و ئەمریكا پڕی بكەنەوە.
ترسی ئیسرائیل و وڵاتانی ئەورووپا ئەوەیە، حكوومەتی داهاتووی سووریا، چەكی كیمیایییان هەبێت و بەكاری بهێنن، بە تایبەت دژی ئەو لایەن و گروپانەی كە دژایەتییان دەكەن، بۆیە ئیسرائیل و ئەمریكا بە وردییەکی زۆرەوە لەو بابەتە دەڕوانن.
ئەوەی پێشبینی دەكرێت و میدیاكانی توركیا و جیهانیش باسی دەكەن، رەنگە جەنگی داهاتووی تەحریر شام دژی هەسەدە بێت، واتە بیانەوێت تەواوی سووریا بخەنە ژێر ركێفی خۆیانەوە، ئەوكات ماڵوێرانییەكی تر تووشی گەلی سووریا دەبێت و رەنگە توركیا و ئەمریكا و ئێرانیش شەڕی وەكالەت لەگەڵ یەكتریدا بكەن.
یاخود رێككەوتنێك لە نێوانیاندا هەبێت، بەوەی سووریا بەسەر سێ لایەن دابەش ببێت، كورد و شیعە و سوننە.
لە ٢٠١٥وە، رووسیا و ئێران، بە فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتییان لە مانەوەی ئەسەد كرد، بەڵام ئەمجارەیان پشتیان تێ كرد، بۆیە تەحریر شام بە ٢٥هەزار چەكدارەوە توانیی تەواوی ئەو خاكەی لە دەستی رژێمی ئەسەد بوو كۆنترۆڵ بكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی میكایل كۆفمان، لێكۆڵەری ئەمریكی، رووسیا لەگەڵ تەحریر شامدا گەیشتووەتە رێككەوتن بەوەی ئەو بنكە سەربازییەی لە لازقیەدا هەیەتی دەستكاری نەكرێت و هەر بمێنێتەوە، تا قورسایی و پێگەی رووسیا لە دەریای سپی ناوەڕاست هەر هەبێت. وەكوو ئەوەی باسی دەكات، رووسیا بۆیە پشتی لە ئەسەد كرد، چونكە دڵنیایی وەرگرتووە كە هێز و بنكە سەربازییەكانی لە سووریا هەر دەمێنێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە توركیا لە داهاتووی سووریادا پێگەی بەهێز دەبێت، بەو مەرجەی بەرەی شەڕ لەگەڵ هەسەدەدا نەكاتەوە، چونكە ئەوكات ئەگەر هەیە ئەمریكاش بێتە ناو شەڕەكە و ئیدی ملیۆنان ئاوارەی تری سووری روو لە توركیا بكەن، بەمەش بارگرانییەكی گەورەی ئابووری دەكەوێتە سەر توركیا.
هەسەدە، نیوەی خاكی سووریای لەژێر دەستە، وەكوو ئەوەی باسی دەكەن ئامادەییەكی تەواویان هەیە بۆ رووبەڕوونەوەی هەر گروپێك كە پەلاماریان بدات، بۆیە هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن، تەحریر شام، روو لە كورد دەكات بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی گەورە، یان روویان تێدەكات بۆ رێككەوتن و داهاتووی كورد لە سووریا؟