پێنتاگۆن: بۆ ڕێگریی لە گەڕانەوەی داعش، هێزەکانمان لە سووریا دەمێننەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی پێنتاگۆن ڕایگەیاند “هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ماونەتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە چەکدارانی داعش نەگەڕێنەوە.”

ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند “ئێمە ڕاوێژ لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان دەکەین، سەبارەت بە پێداویستییە ئەمنییەکانیان، هەروەها بوونی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنەکانی دیکەی ململانێکانەوە نییە.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریی لە هێزەکانمان و ڕێگریی لە گەڕانەوەی داعش.”

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ یەکشەممە، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆنترۆڵی دیمەشق و کۆشکی کۆمارییان کرد.

ڕۆژنامەکان پشتڕاستیان کردەوە، بەشار ئەسەد بە فڕۆکەیەک بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە، کە بە ئاسمانی حمسدا فڕیوە پێش ئەوەی لە ڕادار ون بێت.