دۆخی سووریا ماوەی 13 ساڵە بەدەست شەڕی ناوخۆ و چەندین کێشەی گەورەوە گیرۆدەیە، ئەوەش کاریگەری قووڵی لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە هەبووە، ئەو لێکەوتە ئابوورییانە لەسەر چەندین کەرتی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە و قەبارەی زیانەکان دەیان ملیار دۆلاریان تێ پەڕاندووە.
ئەوەی پەیوەستە بە بەهای دراوی سووری، لە ماوەی ئەو 13 ساڵەدا بەردەوام دابەزیووە، بەشێوەیەکی گشتیی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەهای لیرەی سووریی زۆر بەخێرایی دابەزی، بە شێوەیەک کە ئێستا لە دیمەشق هەر دۆلارێک بەرامبەرە بە 27 هەزار لیرەی سووری، لە هەندێک لە شارەکانی دیکەش بەهای دۆلار بۆ 40 هەزار لیرەی سووری بەرز بووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2011، پێش دەستپێکی شەڕ لە سووریا بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەر بوو بە 46.5 لیرەی سووری، واتە لە ماوەی ئەم 13 ساڵەدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سووری 600,000% بەرزبووەتەوە، کە ئەمە ئاستێکی گەورەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە و بە واتای دابەزینی گەورەی بەهای لیرە دێت کە بەشێک لە شارەزایانی ئابووری بە داڕووخانی تەواوەتیی لیرەی سووری ناو دەبەن.
سووریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نەوتی هەیە، یەدەگی نەوتی خاوی سووریا بە 2.5 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵینرێت، پێش دەستپێکی شەڕی سووریا ڕۆژانە 386 هەزار بەرمیل نەوت لەو وڵاتە بەرهەم دەهات، بەشێوەیەکی فەرمی بەشێکی هەناردە دەکرا، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2011 وەزارەتی نەوتی سووریا ڕایگەیاند؛ بەشێوەیەکی خێرا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و لە ماوەیەکی کەمدا 4%ی بەرهەمی نەوتیان لە دەستداوە.
ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەماوەی ئەم 13 ساڵەدا ئەو زیانەی بە کەرتی نەوتی سووریا گەیشتووە نزیکبووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار، کە ئەمە زیانێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی وڵاتەکە دەبێت، ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی سووریا بەشێوەیەکی فەرمی هەناردەی دەرەوە ناکرێت، بەشێکی لەناوخۆدا ساغ دەبێتەوە و بەشێکی کەمیشی بە قاچاخ هەناردەی وڵاتان دەکرێت.
هەرچی لە کەرتی پیشەسازییە، سووریا لە ماوەی ئەم 13 ساڵەی ڕابردوودا زۆرترین کارگەی تێدا داخراوە، بەشێوەیەک، کەرتی پیشەسازیی لەو وڵاتە نزیکبووەتەوە لە داڕووخانی تەواوەتی ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی نادرێت و گەمارۆ ئابوورییەکانیش وڵاتەکەیان بێبەش کردووە لە دەستگەیشتن بە ماددەی خاو و ئامرازەکانی نۆژەنکردنەوەی کارگەکان.
ئامارە نافەرمییەکان ئەوە دەردەخەن ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی پیشەسازیی کەوتووە و کۆی زیانەکە تائێستا 150 ملیار دۆلاری تێ پەڕاندووە، ئەمە لەکاتێکدا کە سووریا پێش شەڕ و ئاڵۆزییەکانی 2011 یەکێک بوو لە وڵاتە بەرهەمهێن و خاوەن پیشەسازییە گرنگەکانی ناوچەکە کە سەدان بەرهەمی جۆراوجۆری هەنارەدەی بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە دەکرد.