ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، “هیوادارە چەکدارانی سووریا بەبێ کێشە بەردەوام بن لە پێشڕەوییەکانیان”، گوتیشی “پەیوەندیم بە بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سووریا کردووە و پێشنیازم کرد ئایندەی سووریا پێکەوە دیاریی بکەین، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنیم وەرنەگرت”.
ئەمڕۆ هەینی 6-12-2024، ئەردۆغان لە دوای نوێژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “پەیوەندیمان بە ئەسەدەوە کرد و پێمان گوت، با پێکەوە ئایندەی سووریا دیاری بکەین، بەداخەوە وەڵامێکی ئەرێنیمان لەسەر ئەم بابەتە وەرنەگرت”.
ئەردۆغان ئاماژەی بە پێشکەوتنی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کرد و گوتی: “ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە لە پێشڕەوی خۆی لە ئیدلب و حەما و حمس، بێگومان ئامانجەکەی دوای ئەوەش دیمەشقە، پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە، هیوادارم ئەم پێشڕەوییە بەبێ ڕووداو و کێشە بەردەوام بێت”.
هەرئەمڕۆ هەینی، گرووپە چەکدارەکان لە باکوورەوە چوونە ناو سنوورەکانی شاری حمس و ئەو گوند و شارۆچکانەیان کۆنترۆڵکرد کە ساڵانێکە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا دابووە.