پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لە سووریا کوژرا

لە ئەنجامی بۆمبارانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا، ڕۆژنامەنووسێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کوژرا. 

میدیاکانی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-12-2024، ئەنەس محەممەد خەربوتڵی، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (dpa) لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا کوژرا.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، خەربوتڵی لە کاتی ئەرکدا، لە شارۆچکەی مورک، لە دەوروبەری حەما، لە ئەنجامی بۆمبارانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا کوژراوە.

ئەنەس محەممەد خەربوتڵی لە دایکبووی ساڵی 1992ـە و پێشتریش چەند جارێک لە کاتی ڕووماڵکردنی شەڕی سووریا بریندار بووە.

ناوبراو سەرەتا وەکوو فۆتۆجۆرناڵێست کاری کردووە، دواتر بووەتە پەیامنێر و تاوەکوو ئێستە چەندەهان خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری ڕۆژنامەوانیدا بە دەست هێناوە.