ئێران: تاوتوێی ناردنی هێز بۆ سووریا دەکەین

ئێران ڕایگەیاند، “تاوتوێی ئەگەری ناردنی هێز بۆ سووریا دەکات ئەگەر بێت و دیمەشق داوای بکات”، هاوکات لەگەڵ عێراق و ڕووسیا ڕێککەوتوون بۆ پاڵپشتیکردنی سوپای سووریا و حکوومەتی بەشار ئەسەد.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەڕۆژنامەی عەرەبی قەتەری گوت: “ئەگەر حکوومەتی سووریا داوا لە ئێران بکات هێز بنێرێت بۆ ولاتەکەی، ئێمە تاوتوێی ئەو داواکارییە دەکەین”،  هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی کە بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، ڕەنگە زیان بە وڵاتانی دراوسێی وەک عێراق و ئوردن و تورکیا، زیاتر لە ئێران بگەیەنێت”.

لای خۆیەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران داوای لە وڵاتانی دراوسێی سووریا کرد، “ڕێگری لە وەرگرتنی پشتیوانی چەکدارەکان بکەن”.

ڕۆژی سێشەممە، 3-12-2024، محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی گوت: پێویستە وڵاتانی دراوسێی سووریا هەنگاو بنێن بۆ ڕێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکانی ئەوێ لە وەرگرتنی هاوکاری و پشتیوانی”.

باقری هۆشداریشی دا لەوەی جموجۆڵی چەکداران لە سووریا هەنگاوی یەکەمە بۆ سیناریۆیەکی مەترسیدار لە ناوچەکەدا”، هەروەها باقری “پێشهاتەکانی سووریا، دوای ئاگربەستی لوبنان بە “پلانگێڕی” ئەمەریکا و ئیسرائیل وەسف کرد، کە ئامانج لێی لاوازکردنی سووریا و هاوپەیمانەکانی و بەرەی مقاوەمەیە”.

ئاژانسی هەواڵی ‘تەسنیم’ـی سەر بە سوپای پاسداران، لە زاری باقرییەوە، ڕایگەیاندووە، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییە جیاجیاکان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ڕووسیا و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و سووریا، لایەنەکان “کۆک بوون لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی یەکگرتوو پشتگیری لە حکوومەتی سووریا بکەن، و ئەویش ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پشتیوانی لە سوپای سووریا”.

ئێران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو چاودێری جموجۆڵی گرووپە چەکدارەکانی سووریا بکەن، هەروەها داوای لە حکوومەتی دیمەشق کردبوو کە سکاڵایەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش بکات.