نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای حەلەب ئاوارە بوون

دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و داگیرکردنی شارۆچکەی تەل ڕەفعەت و چۆڵکردنی شارۆچکەکە لەلایەن هێزەکانی هەسەدە، ئاوارەیی بەرۆکی کوردانی دانیشتووی تەل ڕەفعەت و دەڤەری شەهبای گرتووتەوە و زیاتر له‌ دوو سه‌د هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارە بوون.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسەر بڵاوی کردووتەوە، لە دوای هێرشی گرووپەکانی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی تەل ڕەفعەت و گوندەکانی دەڤەری شەهبا هەڵهاتوون و بەشێک لە کوردە ئاوارەکان گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.

ئاشكراشی كردووه‌، زیاتر له‌ دوو سه‌د هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارە بوون و به‌شێكیان بۆ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هه‌سه‌ده‌ گوازتراونه‌ته‌وه‌. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاندووە، هەوڵدەدەن هاووڵاتیانی کوردی نیشتەجێی دەوروبەری پارێزگای حەلەب کە ئاوارە بوون بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بیانگوازنەوە.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، فەرهاد شامی گوتەبێژی هەسەدە ڕایگەیاند، بەشێک لە ئاوارەکان بە کاروانێکی چەند سەد ئۆتۆمبێل بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شارۆچکەی تەبقە و گوازراونەتەوە، ده‌شڵێت: هه‌وڵ ده‌ده‌ین هەموویان بە سەلامەتی بگوازینه‌وه‌.