باڵیۆزی ئێران لە سووریا: هێرشە چەکدارییەکەی سووریا پەیوەندی بە شکستی ئیسرائیلەوە هەیە

باڵیۆزی ئێران لە سووریا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی ئاشکراو ڕوون لە نێوان هێرشە چەکدارییەکانی سووریا و شکستەکانی ئیسرائیل هەیە.

یەکشەممە، 1-12-2024، حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە سووریا گوتی: “پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان هێرشە چەکدارییەکان لە سووریا و شکستەکانی ئیسرائیل لە لوبنان هەیە.”

ئاماژەی بەوەش کرد “ئەو کەرەستە پێشکەوتووانەی چەکدارەکان ئاماژەیە بۆ پەیوەندی و پاڵپشتیی وڵاتانی ئەورووپایی و وڵاتانی دیکە بۆ ئەو هێزە.” جەختیشی کردەوە “ئامانج تۆڵەکردنەوەیە لە سووریا بەهۆی پاڵپشتیکردنی بەرەی مقاوەمە و حزبوڵڵای لوبنانی.”

حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد “ئەمەریکا هەوڵ دەدات فشاری ئەمنی بخاتە سەر حکوومەتی سووریا لە پارێزگاکانی باشووریشدا.”

گرووپە چەکدارەکان لە سووریا کۆنترۆڵکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیان لە باکووری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ شەممە کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی حەلەبیان ڕاگەیاند کە دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە.

شەممە، 30-11-2024، سوپای سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕی حەلەب و ئیدلب بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە چەند بەرەیەکدا، شەڕێکی سەختیان لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکان (دەستەی تەحریری شام و لایەنگرانی) کردووە  و فرە بەرەیی پێکدادانەکان وای لێ کردوون هێزەکانیان بکشێننەوە بە ئامانجی دووبارە خۆڕێکخستنەوە.

سوپای سووریا، جەختی لەوە کردووەتەوە، کشانەوەیان لە چەند بەرەیەک، بۆ ماوەیەکی کاتییە، هێزەکانی پشتیوانی گەیشتوونەتە بەرەکانی شەڕ و خۆیان بۆ هێرشی پێچەوانە ئامادە دەکەن.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای سووریا، بەهۆی بەردەوامیی هێرشی ئاسمانی، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هیچ خاڵێکی سەربازییان لەنێو شاری حەلەب جێگیر نەکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، زۆرینەی شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کۆنترۆڵ کراوە.