ئۆنروا: لە پاش شەڕی دووەمی جیهانییەوە غەززە سەختترین بۆمباران دەکرێت

دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) لە یەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریی گەلی فەڵەستین، کە هەموو ساڵێک دەکەوێتە 29ـی تشرینی دووەمەوە، لە ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستە کەرتی غەززە سەختترین بۆمباران کراوە، پاش شەڕی جیهانیی دووەم.

ئۆنروا ڕاشیگەیاندووە “بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی هاوکاریی گەلی فەڵەستین، جەخت لەسەر پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە دەکەینەوە.”

ئۆنروا، ڕوونیشی کردەوە، لە ئۆکتۆبەری 2023وە،  لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بۆمبارانی کەرتی غەززە بە سەختترین بۆمباران لە قەڵەم دەدرێت، کە بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

لە 29ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا ژمارەیەک وڵاتی جیهان شایەتحاڵی ڕێکخستنی بۆنەی هاودەنگین لەگەڵ گەلی فەڵەستین، کە مافەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێل دەکرێت، یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی هاوکاریی گەلی فەڵەستین، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1977 پەسەند کرا.

لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە ئیسرائیل درێژەی بە شەڕەکەی داوە لە کەرتی غەززە، کە زیاتر لە 149 هەزار کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە زۆربەشیان منداڵ و ژنن.