دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ژنێف داوا دەکات پشتیوانی لە میللەتی کورد بکرێت

دەزگای خێرخوازی بارزانی لە 17هەمین پانێڵی کۆڕبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێفی پایتەختی سویسرا، داوای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، پشتیوانی لە میللەتی کورد بکەن کە هەمان مافی میللەتانی دیکەی هەبێت.

پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆڕبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرسی کەمینەکان دەستی پێکرد و پانێڵێکی تایبەت بە کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان بەڕێوەچوو.

لە شاری جنێڤی سویسرا، 17هەمین پانێڵی کۆڕبەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرسی کەمینەکان دەستیپێکرد، بۆ دوو رۆژ و تاوەکو 29ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت،کاتژمێر 5ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆڕبەندەکە دەستی پێکرد،  لە پانێڵەکەدا تیشک خرایە سەر کار و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان.

ئامانجی کۆڕبەندەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرس و کێشەی کەمینەکان، هاوکات تیشکدەخاتە سەر دەرفەتەکان بۆ پاراستنی مافەکانیان و جێبەجێکردنی جاڕنامەی جیهانیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان.

ئاوات موستەفا، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی  لە کۆڕبەندەکەدا و لە گوتارێکدا گوتی: بەڕێزان، زمانی دایک لە ناسنامەی هەرکەسێکە کە لە هەر شوێنێکدا دەژیت، زۆربەی میللەتانی جیهان بە زمانی خۆیان دەخوێنن، بەڵام بەداخەوە زۆربەی کوردان ناتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن، تەنها کوردانی عێڕاق دەتوانن بە ئازادانە بە زمانی کوردی بخوێنن، گوتیشی: کوردانی ناوچەکانی دیکە لەم مافە بێ بەشن، ئاماژەی بەوەشکرد کە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ زمانی بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەر نەتەوەیەک داناوە، گوتی: بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتاندا کوردان لە خوێندن بە زمانی خۆیان بێ بەش کراون، ئەمڕۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات پشتیوانی لە میللەتی کورد بکەن کە هەمان مافی میللەتانی دیکەی هەبێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پێویستە هانی ئەو دەوڵەتانەی کە ڕێگرن لە خوێندن بە زمانی کوردی بدات ، واز لەو سیاسەتەیان بهێنن