ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا قەدەغە دەکات، پاشان ئەنجوومەنی پیرانیش ئەم یاسایەی پەسەند کرد و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
پارتە گەورەکانی ئوسترالیا پاڵپشتیان لە ڕەشنووسی یاساکە کردووە، هەروەها ئەو پلاتفۆڕمانەی دیاری کراوە بریتین لە پلاتفۆرمەکانی “تیک تۆک، فەیسبووک، سناپچات، ڕێدیت، ئێکس، ئینستاگرام”، کە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارن”.
هەروەها لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پرۆگرامەکە لە ڕێگریکردن لە هەژماری منداڵان، سزایی دارایی ئەو پلاتفۆڕمانە دەدرێت، بەبڕی 50 ملیۆن دۆلاری ئوسترالی کە دەکاتە 33 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
102 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا دەنگیان بە ڕەشنووسەکە دا، لە کاتێکدا 13 ئەندام دژی ڕەشنووسەکە دەنگیان دا، ئەگەر ئەم هەفتەیە ڕەشنووسەکە ببێتە یاسا، پلاتفۆرمەکان یەک ساڵیان دەبێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکە و سنوردارکردنی ئەو تەمەنە پێش ئەوەی سزای دارایی بدرێن.
دوو هەفتە لەمەوبەر ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند “لەگەڵ هەزاران دایک و باوک، باپیر و داپیر قسەم کردووە، کە وەک من زۆر نیگەرانی سەلامەتیی منداڵەکانیانین لەسەر بەکارهێنانی ئینتەرنێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “دەمەوێت دایک و باوک و خێزانە ئوسترالیەکان بزانن کە حکوومەت پشتی ئێوەی گرتووە.”