ماکرۆن پێشوازی لە ئاگربەستەکەی لوبنان دەکات و نوێنەرەکەی دەنێرێتە بەیرووت

سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی دەکات و بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، نوێنەرەکەی دەنێرێتە بەیرووت.

چوارشەممە، 27-11-2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، خۆشحاڵی خۆی نیشان دا بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و ڕایگەیاند “ئاگربەستەکە لە ئەنجامی بەردەوامی ھەوڵە ھاوبەشەکانی نێوان فەرەنسا و ئەمەریکا بەدی ھاتووە.”

سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد ڕێز لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیلدا بگیرێت، “بۆ ئەوەی ئاوارە لوبنانی و ئیسرائیلییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.”

ماکرۆن ڕاشیگەیاندووە: ” پاڵپشتی لەوە دەکەین کە سوپای لوبنان لە باشووری ئەو وڵاتە بەھێز و باڵا دەست بیت، ئەوەش بە ئامانجی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە”.

ماکرۆن باسی لەوەش کردووە: “پێویستە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، ببێتە مایەی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە لوبنان، ھەروەھا کۆتایی بە ململانێیەکان بھێنێت”. ئەوەشی خستووەتەڕوو: “نابێت ئاگربەستمان لەبیر بچێت کە ھێشتا شەڕ لە غەززە بە ھەموو توندوتیژییەکەوە بەردەوامە”.

سەرۆکی فەرەنسا بە پێویستی دەزانێت “ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە”. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرۆک کۆماری نوێی لوبنان ھەڵبژێردرێت، “بۆ ئەوەی بتوانێت لوبنانییەکان یەکبخات و سەروەریی بۆ وڵاتەکەیش بگەڕێنێتەوە.”

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، جان ئیڤ لۆدریان، نوێنەری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە سەردانی لوبنان دەکات.

نوێنەری سەرۆکی فەرەنسا لە میانی سەردانەکەی بۆ لوبنان، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسی چارەکردنی قەیرانی سیاسی لە لوبنان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، 26-11-2024، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووککراوەی ئیسرائیل (کابینێت)، ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ لوبنان، پەسەند کردووە.