كارزان گلی – ههولێر
ئەوەی پرسی چارەسەری هێنایەوە بەرباس، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە بوو، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە، باخچەلی رازی دەبێت لە چوارچیوەی پرسی چارەسەری و نووسینەوەی دەستوورێكی تازە بۆ توركیا، رێگە بدەن كورد بە زمانی دایك بخوێنێت و هەروەها زمانی كوردی لە پاڵ زمانی توركی بە فەرمی بناسرێت؟
باخچەلی، زیاتر تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، رێگە بدەن عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بێتە پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات و داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت، پاشان ئۆجەلان بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت، بەڵام بۆچوونەكان لەبارەی ئازادكردنی ئۆجەلانەوە زۆر ناكۆك و دژ بەیەكە، بەتایبەت لەلایەن مەهەپە و ئاكەپەوە. لە چەند رۆژی رابردوو، دوو كەسایەتیی سیاسی سەردانی باخچەلییان كردوە تا لە نزیكەوە لە نیەتی بزانن لەبارەی پرسی چارەسەری و ئەو بەرنامەیەی بۆ كورد پێیانە.
عەبدوڵا گوللەر، سەرۆكی فراكسیۆنی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، یەكێك بووە لەو كەسانەی چووەتە لای باخچەلی و لەبارەی پرسی كورد و ئازادكردنی ئۆجەلانەوە پرسیاری لێكردوە. بەگوێرەی گوتەی گوللەر بێت، باخچەلی نەیگوتووە ئۆجەلان بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت و هەروەها خوێندن بە زمانی كوردی لە بەرنامەی ئاكەپە و مەهەپەدا نییە لە دەستووری تازەدا.
بەڵام وفوق ئوراس، كە پێشتر پەرلەمانتاری هەدەپە بووە و سیاسییەكی بەناوبانگی توركیایە، دەڵێت باخچەلی پێی گوتووە، لێبوردنێكی سنووردار دەردەكەین بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان.
لێرەدا روون دەبێتەوە كە بۆچوونەكان دژ بەیەكن و تاوەكوو ئێستا روون نییە، باخچەلی لەگەڵ ئەوەیە پرسی كورد چارەسەر بكرێت و ئیدی كوردیش وەكوو تورك لە دەستووردا دانی پێدا بنرێت، یان ئەقڵیەتی نەژادپەرستیی فڕێ نەداوە و لە تورك زیاتر بڕوای بە هیچ نەتەوەیەكی تر نییە.
گوللەر، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ”لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە كە لێبوردنی سنووردار بوونی هەبێت، هەروەها خوێندن بە زمانی دایكیش لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە. ئێمە دەمانەوێت گۆمەڵگەكەمان ئارام بێت، ئارامی گۆمەڵگەش بە لێبوردنی گشتی نایەتە دی.“
گوللەر لە درێژەی گوتەكانیدا تیشك دەخاتە سەر زمانی كوردی و بە ئاشكرا دەڵێت، لە دەستووری تازەدا كە بەنیازن لەگەڵ مەهەپەدا بیهێننە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەن، باس لەوە نەكراوە كورد بە زمانی دایك بخوێنێت و ئەم بابەتە لە رۆژەڤی ئەو دوو پارتەدا نییە، بەڵكوو ئامانجی ئەوان ئەوەیە، كۆمەڵگەیەكی سڤیلی دیموكراتیک و دەستوورێكی مەدەنی بنووسنەوە بۆ توركیا. بەڵام وفوق ئوراس، كە سەردانی باخچەلیی كردووە، ئامانجیشی لەو سەردانەدا زانینی نیەتی باخچەلی بووە لەبارەی پرسی چارەسەری و ئازادكردنی ئۆجەلان، دەڵێت باخچەلی بەرنامەیەكی تۆكمەی لەو ڕووەوە ئامادە كردووە.
ئەو دەڵێت: ”ئەوەی من لە باخچەلیم بینی، ئامادەكارییەكی زۆر جیدی بوو، رەنگە لێبوردنێكی سنووردار بوونی هەبێت بۆ ئۆجەلان، یاخود لە دەستووری تازەدا زمانی كوردیش وەكوو توركی بناسرێت، بۆ ئەمانەش ئامادەكاری كراوە.“
بەڵام لە بەشێكی تری گوتەكانیدا، باسی لەوەش كرد، باخچەلی گوتوویەتی چاوەڕێی هەنگاوی ئاكەپەیە لەو ڕووەوە، چونكە ئەوان خاوەنی ٥٠ كورسی پەرلەمانن و ئەگەر ئاكەپە پشتگیرییان نەكات، پڕۆژەكەیان ناچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.