ژمارەی کوژراو و بریندارانی لوبنان 19 هەزار کەسی تێپەڕاند

وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی لوبنان، ژمارەی کوژراو برینداران گەیشتووەتە زیاتر لە 19 هەزار کەس.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “لەسەرەتای هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی لوبنان، بووەتە هۆی کوژرانی 3670 کەس و برینداربوونی 15413 کەسی.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 25 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و هەروەها 58 کەسی دیکە بریندار بوون کە برینی هەندێکیان سەختە”.

لە 23ـی ئەیلوولەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان بۆسەر لوبنان دەست پێ کرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و زۆرینەی ناوچەی باشووری لوبنان دەکەنە ئامانج، وەک ناوچەکانی بەقاع لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، بەیرووت، گەڕەکی باشووری بەیرووت، چیای لوبنان و باکووری لوبنان.

هێرشەکانی ئیسرائیل ماڵی هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنی و تەندروستییەکان، ڕێگاوبانەکان و پێگەکانی سوپای لوبنان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کە لە باشووری لوبنان چالاکی دەکەن (یونیفیل)یان کردووەتە ئامانج.

شەڕی لوبنان بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل سەری هەرڵدا، کا تاوەکو ئێستا ئیسرائیل چەندین سەرکردەی ئەو گرووپەی کوشتووە لە نێوانیدا حەسەن نەسروڵڵا، کە ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا بوو.