ئەردۆغان ناكۆكە لەگەڵ باخچەلی لەسەر هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، سێ جار لەناو پەرلەمانی توركیا داوای كرد، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بێتە پەرلەمان و وتارێك پێشكەش بكات و لەوێ داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت، لە بەرامبەردا ئەویش ئازاد بكرێت. لەسەر ئەم گوتانە دەنگۆی زۆر لە میدیاكانی توركیا بڵاو کرایەوە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، ئاگای لەو داوایەی باخچەلی نییە و نیگەرانە كە ئەو گوتانەی لەناو پەرلەماندا داوە.

مەهەپە، هاوپەیمانێكی گەورەی ئاكەپەیە، بەبێ مەهەپە، ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمان نییە، بۆیە هەركاتێك باخچەلی و ئەردۆغان، لەسەر بابەتێك ناكۆك بن، باس لە هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی نێوانیان دەكەن، كە بە هاوپەیمانیی (كۆماری) ناسراوە.
ئەردۆغان، لەگەڵ ئەوەیە پرسی چارەسەری بێتەوە بەرباس، بەڵام بە یەك وشەش باسی لە پشتگیریكردنی گوتەكانی باخچەلی دەرنەبڕیوە، ئەمەش گومانی لای میدیاكاران و شڕۆڤەكارانی سیاسی دروست كردووە، كە لەسەر هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان ناكۆكن.
ئاكیف باقی، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، كە پێشتریش راوێژكاری میدیایی ئەردۆغان بوو، لە وتارێكدا لە رۆژنامەی (قەرار) دووپارتی دەكاتەوە، كە ئەردۆغان بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات.
باخچەلی و ئەردۆغان، چەند رۆژێك بەر لە ئێستا كۆبوونەوەیەكی نهێنیان ئەنجام داوە، باقی باسی ئەو كۆبوونەوەیە دەكات.
باقی دەنووسێت: ”ئەردۆغان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باخچەلی پێی گوتووە، ئێمە هاوبیرین لەبارەی ئەوەی توركیا بێ تیرۆریزم بێت، لەوەیاندا هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام ئەم هاوبیرییە بەو مانایە نییە كە ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و وتار پێشكەش بكات.“
ئەردۆغان باسی لەوەش كردووە، كە رێكەوتنی ئێمە لەبەرژەوەندی میللەتە و دەمانەوێت زەمینەی تیرۆر لەناو ببەین، بەڵام هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا، لەبەرژەوەندی گەل نییە.
چەند میدیایەكی نزیكی ئاكەپە، باس لەوە دەكەن، لەبارەی هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمانی توركیا، ئەردۆغان و باخچەلی ناكۆكن، چونكە باخچەلی بەبێ ئەوەی پرس بە ئەردۆغان بكات باسی لەوە كردوە كە ئۆجەلان وتار لەناو پەرلەمانی توركیا پێشكەش بكات.
ئەوەی رێككەوتنی لەبارەوە كراوە ئەوەیە، هەردوو لا کۆكن لەسەر ئەوەی پرسی تیرۆر كۆتایی پێ بهێنن، هەروەها لەرێگەی ئۆجەلانەوە داوا بكەن پەكەكە چەك دابنێت، بەڵام نەك لەناو پەرلەمانی توركیاوە وتارێك پێشكەش بكات، بەڵكوو لەرێگەی ترەوە دەتوانن ئەو پەیامە بگەیەنن.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، لەبارەی پرسی چارەسەرییەوە ئەو دوو سەرۆكە هەڵوێستیان وەكوو یەكە یان ناكۆكن، چونكە ئەو پرسە بە كردار نەهاتووەتە بەرباس، تەنیا لەرێگەی میدیاكانەوە بە گرنگییەوە باسی دەكەن.
لە چەند هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی توركیا لەبارەی دەستووری تازە كۆبوونەوەكانی چڕ دەكات، ئەوكات پێویستیان بە دەم پارتییە تا پشتگیری لە ئاكەپە و مەهەپە بكات، لەوێدا روون دەبێتەوە ئاخۆ پرسی چارەسەری دێتەوە بەرباس یان تەنیا دەنگۆی میدیایی بووە؟