نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەم ساڵ 281 کارمەندی فریاگوزاری لە جیهاندا کوژراون

یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و بەهاناوەچوون دەڵێت، ئەم ساڵ 281 کارمەندی فریاگوزاری لە جیهاندا کوژراون.
رۆژی هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 تۆم فلیچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و بەهاناوەچوون گوتی، “کارمەندانی فریاگوزاری زۆر دەکوژرێن.”
تۆم فلیچەر رایگەیاند، ئەم ساڵ 281 کارمەند کوژراون، لە کاتێکدا پار 280 کوژرابوون.
نووسینگەی فلیچەر باس لەوە دەکات، زۆرینەی ئەوانەی کوژراون لە کەرتی غەززە بوون، دوای ئەو لە ئەفغانستان، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، سوودان و ئۆکراینا بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، کوژراوەکان ئەندامی رێکخراوە ناحکومییەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوور بوون.
ئەو یاریدەدەرەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو، “پێویستە وڵات و لایەنەکان رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرن و لێکۆڵینەوە لەوانە بکەن کە بەرپرسیارن (لە پێشێلکارییەکان) و سزایان بدەن.”
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پار لە جەنگ و پێکدادانە چەکدارییەکاندا 33 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژران، ئەوەش 72% لە پێرار زیاتر بووە.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و غەززە دەستیپێکرد. جەنگەکە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتریش، ئیسرائیل بە بۆردوومان و هێرش بۆ سەر کەرتەکە وەڵامی دایەوە.