باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ داخرا

 چوارشەممە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ ڕایگەیاند “دەرگای باڵیۆزخانەکەیان دادەخەن، دوای ئەوەی زانیارییان لەسەر ئەگەری هێرشێکی ئاسمانیی ڕووسیا پێگەیشتووە.”

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ، لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە  “زانیاریی وردیان وەرگرتووە سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی ئاسمانیی گەورە، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، باڵیۆزخانەکە دادەخرێت و داوا لە کارمەندەکان دەکرێت لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.”

باڵیۆزخانەکە کارمەندەکانی ڕاسپاردووە “لە ئەگەری لێدانی زەنگی  هۆشداریی هێرشی ئاسمانی، خۆیان بگەیەننە پەناگەکان.”

ئەم هۆشدارییە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێگەی بە ئۆکرانیا دا کە مووشەکی دوور مەودا بۆ بە هێرشکردنە سەر خاکی ڕووسیا بەکار بهێنێت.

چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پوتین فەرمانی دا گۆڕان لە یاسای بەکارهێنانی ئەتۆمیدا بکرێت، بەو مەرجەی کە هەر هێرشێکی ئاسایی بۆ سەر ڕووسیا بە هاوکاریی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بکرێت، دەتوانرێت بە هێرشێکی هاوبەش بۆ سەر ڕووسیا هەژمار بکرێت.

لە فەرمانی سەرۆکایەتیدا هاتووە “بە ئامانجی باشترکردنی سیاسەتی ڕووسیا لە بواری خۆپاراستنی ئەتۆمیدا، بڕیار دەدەم بەڵگەنامەیەک کە بناغەکانی سیاسەتی وڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە بواری وەڵامدانەوەی ئەتۆمیدا پەسەند بکەم.”

بڕیارەکە لە ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.