تورکیا: هەڵمەتێکی ئیمزاکۆکردنەوە بۆ کشانەوە لە ناتۆ دەکرێت

ڕاپۆرتە مێدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی تورکیا بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتیی ناوداری هونەر و زانستەکان هەڵمەتێکی ئیمزاکۆکردنەوەیان دەست پێ کردووە، بۆ داواکردنی کشانەوەی تورکیا لە ناتۆ.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی زەمەنی تورکی “زۆرێک لە کەسایەتییە ناودارەکان، لەوانە ئەکادیمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، شاعیر، نیگارکێش و ئەکتەر، ئیمزایان لەسەر داواکارییەک کردووە، لەلایەن نوێنەرانەوە لەژێر ناونیشانی “ئەرک لە دژی ناتۆ و شەڕی ئیمپریالیزم” دەستی پێ کردووە، کە تێیدا هاتووە: “لە پێناو ئاسایشی وڵاتەکەمان، سەربەخۆیی و سەروەری، لە پێناو ئاشتی بۆ جیهان، دەبێت تورکیا لە ناتۆ دەربچێت.”

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەو کەسایەتییە تورکانەی ئیمزایان لەسەر داواکارییەکە کردووە بریتین لە: ئەتاول بەهرام ۆئۆغڵو، عەزیز کۆنوکمان، بارش تێرکۆغڵو، بارش پێلیڤان، ئیلیاس سەلمان، کۆرکوت بوراتاڤ، مستەفا کەمال ئەردەمول، و شولی ئایدین.” ئاماژەی بەوەش کردووە “بەم نزیکانە داواکارییەکە دەخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا.”

تورکیا لە 18ـی شوباتی 1952 بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.

تورکیا دووەم گەورەترین سوپای ناتۆیە لەدوای ئەمەریکا، هەروەها پێگە ئاسمانییە ستراتیژییەکانی ناتۆی وەک ئینجەرلیک و بنکەی کۆنیا لەخۆ دەگرێت.