کورد و کۆمکاری عەرەبی

 

و. هۆنیار عەبدوڵڵا

بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکانی جیهان بیرۆکەیەکە بۆ گەشەپێدانی حکوومەتە مۆدێرنەکان. لەم بارەیەوە دەبینین کە چەندین کۆنفرانسی جیهانی دەبەسترێت هەر کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکیش بۆ جوان ئەداکردنی ژێرخان بە شێوەیەکی تەندروست جێگەی خۆی دەگرێت. ئەمەیش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخەکە. بەپێی جۆری کۆنفرانسەکان، ساڵانە خول دوای خول دەبەسترێن.

بەپێی دەستوور، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کیانێکی یاسایی و دەستوورییە و زۆربەی کات ڕۆڵێکی ئەرێنیی هەیە لە بەشداریکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی وەک کەشوهەوا، بەرگری، ئابووری، تەندروستی و هتد، کە زۆربەیان لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەوروپی و هەندێکیان لە وڵاتانی کەنداو دەبەسترێن.
بەڵام جێگەی پرسیارە، کە کورد لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە عەرەبییەکان، بەتایبەت کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، نەبینراوە. زیادکردنی هەماهەنگی لە نێوانیاندا خاڵێکی ئەرێنییە، بەڵام وڵاتانی عەرەبی تا ئێستا ئەم هەنگاوانەیان بەهەند وەرنەگرتووە.
بەڵێ، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە فەرمی و ئەرێنی پێشوازی لە بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی کورد دەکەن و وەک میوانی تایبەت پێشوازییان لێ دەکرێت، کە ئەمە شتێکی ئەرێنییە. بەڵام گرنگە کە بەرپرسانی کورد وەک میوان لەو کۆنفرانسانەش پێشوازییان لێ بکرێت کە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی سەرپەرشتیی دەکات.
ئەمەیش دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی بۆ بنیاتنانی متمانە لە نێوانیاندا. کورد هەمیشە هەوڵی بنیاتنانی متمانە دەدەن، بەتایبەت لەگەڵ جیهانی عەرەبی، چونکە ئەم دوو گەلە لە ڕووی داب و نەریت، ئایین و جوگرافیاوە لە یەکترەوە نزیکن.
لەم چوارچێوەیەدا، دەڵێین گرنگە کورد ڕۆڵی هەبێت لە جیهانی عەرەبیدا، بەتایبەت لەگەڵ دەرفەتی دروستکردنی ناساندنێکی شارستانی تر لە نێوانیاندا، کە سوودی بۆ هەردوولا هەیە. ئەگەر سەیری واقیع و ڕووداوەکان لە لایەنی ئەرێنییەوە بکەین و ببینین وڵاتانی کەنداو لە پەیوەندی بەردەوامدان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ حکوومەتی کوردستان و ئەم پەیوەندییانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەشە دەکەن، پرسیار دەکەین بۆچی ئەم پەیوەندییانە فراوان نابن.
کۆمکاری عەرەبی دەستپێشخەری ناکات بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەل، چونکە گومانی تێدا نییە کە کورد پێشوازی لێ دەکەن و بەشداری دەکەن، تەنانەت ئەگەر میوانیش بن. لەم حاڵەتەدا خاڵە هاوبەشەکان زیاتر و زیاتر لە یەکتر نزیک دەبنەوە و متمانەیەکی بەهێز لە نێوان کورد و عەرەب دروست دەبێت، لە ئەنجامدا بنچینەیەکی گەورە لە هەردوو لاوە بنیات دەنرێت، واتە حکومەتی کوردستان و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی بە گشتی.