هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی کۆتایی هات و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی كۆتایی هات و له‌ كۆتاییدا چه‌ندین ڕاسپارده‌ی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاو كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی غه‌ززه‌ و لوبنان و هێرشه‌كانی ئیسرائیل. 

لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ ڕیازی پایته‌ختی سعوودیه‌ به‌رێوه‌چوو و له‌ كۆتاییه‌كه‌یدا به‌یاننامه‌یه‌كی پڕ ورده‌كاری، له‌باره‌ی پشێوییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگی ئیسرائیل بۆ سه‌ر فەڵه‌ستین و لوبنان و سووریا و ئێران و عێراقی ده‌ركرد، هه‌روه‌ها بڕیاردراوه‌ هاریكاری به‌په‌له‌ بگه‌یه‌ندرێته‌ غه‌ززه‌ و لوبنان.

له‌لای خۆیه‌وه‌، باسم عەوادی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق، دانیشتنه‌كانی لوتكه‌كه‌ی به‌ شكۆمه‌ند ناوزه‌ند كرد بۆ سه‌ركرده‌ عه‌ره‌بییه‌كان و ڕۆڵی عیراقیشی به‌رز نرخاند، تیایدا به‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستپێشخه‌ربووه‌ بۆ دانیشتنێكی له‌و جۆره‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی غه‌ززه‌وه‌.

ده‌شڵێت، سه‌ركرده‌كانی لوتكه‌كه‌ داواكارییه‌كی فه‌رمی به‌ به‌شداری 40 وڵاتی عه‌ره‌بی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌كه‌ن بۆ وه‌ستانی به‌په‌له‌ی جه‌نگی سه‌ر غه‌ززه‌ و لوبنان به‌دووریشی ده‌زانێت داواكارییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌ت بكرێته‌وه‌.

شرۆڤه‌كارانی سیاسیش دەڵێن: چه‌ندین لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ستراوه‌ و بڕیاریان له‌ زۆر بابه‌تی نیوخۆیی و نیوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ داوه،‌ له‌نێویاندا دۆزی فه‌له‌ستین، کە تاوه‌كو ئێستا ئه‌نجامه‌كانیشیان ته‌نها نوسراوێكی سه‌ر كاغه‌ز بووه‌ و هیچیتر، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ جیددی نه‌بوونی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌و لوتكەیە.

لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، پاش هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هەڵگیرسانی شەڕی غەززە و دواتریش شەڕی لوبنان ئەمە دووەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییە بۆ ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵڵا بەڕێوە دەچێت، هاوکات لوتکەی یەکەم لە 11ی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.

لە لوتکەکەی ساڵی ڕابردوو هەڵوێستەکان بەو ئاراستەیە بوو کە پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماتییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕابگیرێن بۆ ئەوەی ببێتە فشارێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام دۆخەکە هێدەی دیکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە مەترسی فراوانتربوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە.