میدیایەکی ئیسرائیلی: ئێران بۆ لێدان له‌ تەل ئەڤیڤ خاكی عێراق به‌كار دەهێنێت

پێگه‌ی هه‌واڵی عیبری – ئه‌مه‌ریكی پێشبینی ده‌كات ئێران بۆ لێدان له‌ ئیسرائیل خاكی عێراق به‌كاربهێنێت.

پێگه‌ی هه‌واڵی عیبری – ئه‌مه‌ریكی باس لە ئامادەیی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە ڕێگەی بریكاره‌ ناوچەییەکانی ده‌كات، بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستی بۆ هێزەکانی لە عێراق ده‌گوازێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ لاوازی به‌رگری ئاسمانیی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به ‌جۆرێك ده‌یه‌وێ له ‌خاكی عێراقه‌وه‌ هێرشه‌كه‌ی بکات و خۆی له‌ هێرشی دیكه‌ی ئیسرائیل بپارێزێت.

له‌ ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، سه‌ره‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه ‌و به‌كارهێنانی خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجه‌ حكوومه‌تی عێراق كۆنتڕۆڵی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی ڕۆهه‌ڵاتی وڵاتدا سنوورداره‌ كه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی لێیه‌ و چالاكی و هێرش بۆ سه‌ر ئیسرائیل ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌، نزیکی ئێران لە عێراق و به‌هێزبوونی میلیشیای بە وەکالەت و هاوبەشەکانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وكات عێراق دەکاتە بنکەیەکی فراوانی هێرشی ناڕاسته‌وخۆی ئێرانی له‌ به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌گه‌ری گواستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ بۆ عێراق، زیاتر رۆڵی موقاوه‌مه و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، پارە لە ئێرانەوە دێت، ئایدۆلۆژیا لە ئێرانەوە دێت، تواناکان لە ئێرانەوە دێت، زۆرینەی ڕاهێنەرەکانیش لە حزبوڵای لوبنانەوە دێن، بۆیه‌ به‌بێ ئه‌و پاڵپشتییانه‌ میلیشیا عێراقییەکان توانای مانەوەیان نابێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، پسپۆڕان له‌و بڕوایه‌دان، توانای به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ كه‌ ده‌توانن ببنه‌ سه‌رئێشه‌ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، به‌جۆرێك خاوه‌نی نزیكه‌ی 40 هه‌زار ئه‌ندام و 80 هه‌زار چه‌كدارن و خاوه‌ن چه‌كی پێشكه‌وتوو و مووشه‌كی كورتمه‌وداو فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی خۆكوژیشن.  به‌جۆرێك موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی غه‌ززه‌وه‌ 285 جار خاكی ئیسرائیلیان كردۆته‌ ئامانج.