ئەو تاوانبارەی دەستدرێژی کردبووە سەر زیاتر لە 200 ژن، لەسێدارەدرا

دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای هەمەدان لە ئێران رایگەیاند، سزای لەسیدارەدان بەسەر ئەو کەسە جێبەجێ کرا، کە دەستدرێژیی کردبووە سەر زیاتر لە 200 ژن. 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 12ـی تشرینی دووەم) دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای هەمەدان رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، سزای لەسێدارەدانی “محەممەد عەلی سەلامەت” کە بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر زیاتر لە 200 ژن ئەو سزای بە سەردا سەپا بوو، جێبەجێ کرا.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەو کەسە زیاتر لە ساڵێکە دەستگیر کراوە، پاش لێکۆڵێنەوە لە هەموو دۆسییەکان، لە مانگی تەمووزی ئەم ساڵ تۆمەتەکانی پشتڕاستکرانەوە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگەی شۆڕشی پارێزگای هەمەدان کرا.
میدیای ئێرانی رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە لە هەموو لایەنەکانی دۆسیەکە، دادگە سزای لەسێدارەدانی بەسەر تۆمەتبارەکەدا سەپاند، هەرچەندە پارێزەرانی تاوانبار تانەیان لە دۆسیەکەدا و رەوانەی دادگەی باڵا کرا، بەڵام ئەو سزایە لەلایەن دادگەی باڵای ئێران پشتڕاستکرایەوە.
محەممەد عەلی سەلامەت بە عەلی سەلامەت ناسراوە، لە ساڵانی رابردوو زیاتر لە 200 ژن و کچی بە بیانووی هاوسەرگیری هەڵخەڵەتاندووە و دەستدرێژی کردووتە سەریان.
سزای لەسێدارەدانی محەممەد عەلی سەلامەت کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باخی بەهەشتی هەمەدان جێبەجێ کرا.