دەم پارتی بەم حاڵەی ئێستای ناچێتە ناو هیچ گفتوگۆیەكەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

بۆ جاری دووەم لەناو پەرلەمانی توركیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە داوای لە عەبدوڵا ئۆجەلان كرد، بێتە پەرلەمان و داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت و ئەویش مافی ئومێد بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت. بەڵام دەم پارتی، تاوەكوو ئێستا بەرچاویان روون نییە، ئاخۆ ئەو هەوڵانەی باخچەلی نیەتی چارەسەری پرسی كوردە یان تەسفییەكردنی دیموكراتییەتی سیاسییە؟

لەلایەك وەزارەتی ناوەخۆی توركیا، سێ شارەوانیی دەم پارتی قەیوم دەكات و تۆمەتی تیرۆر دەداتە پاڵیان، لەلایەكی تر، باخچەلی لەناو پەرلەمانی توركیا، داوا دەكات ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت، ئەم دوو هەڵوێستە دژ بەیەكە، گومانی زۆری خستووەتە ناو دڵی دەم پارتی. دامەزراوە سیاسییەكانی سەر بە دەم پارتی پێیانوایە، كاتێك باخچەلی، ئۆجەلان دەكاتە لایەنێك و دانوستانی لەگەڵ دەكات، ئەمە ئەو هەوڵەیە كە تاوەكوو ئێستا ئاكەپە هەنگاوی شەرعییەتی بەو شێوەیە نەناوە و پرسی كوردیشی كردووەتە پرسێكی سیاسی.
ئاژانسی (BBC)ی توركی، لەسەر چەند سەرچاوەیەكی سەر بە دەم پارتی زانیاریی وەرگرتووە لەبارەی هەنگاوەكانی باخچەلی و دەنووسێت: ”باخچەلی، كاتێك داوا لە ئۆجەلان دەكات قسە بكات، بەو مانایەیە كە لە جێگەی كورد قسە بكە. هەروەها پێی دەڵێت دەتوانێت لەناو پەرلەمان قسە بكەیت، هەروەها پێشی دەڵێت بۆت هەیە لە رێگەی مافی ئومێدەوە ئازاد بكرێیت. لە ڕاستیدا ئەو لێدوانانەی باخچەلی بەو مانایەیە، پرسی كورد یاسایی نییە، بەڵكوو سیاسییە، بەڵام ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن و پێشتر ئاكەپە نەیهاوێشتووە.“
داواكەی باخچەلی بۆ دانانی چەك لەلایەن پەكەكەوە، داوایەكی زۆر قورسە، تەنانەت هەموو ئەو پرسانەی لە جیهاندا لە نێوان گروپێكی چەكداری و دەوڵەتدا بوونیان هەبووە، چارەسەركردنی قورس بووە، بۆیە بەرپرسانی دەم پارتی داوا دەكەن، بەر لەوەی داوای دانانی چەك لە پەكەكە بكەن، پێویست دەكات گۆشەگیركردنی ئۆجەلان كۆتایی پێبهێنرێت.
دەم پارتی دەڵێن: ”ئێمە لەڕووی سیاسییەوە ئامادەی هەموو گفتوگۆیەكین، بەڵام بۆ بابەتی چەكدانان، ئیمیڕاڵی بڕیاری لێ دەدات نەك دەم پارتی. پێشتریش دوای دانوستانێكی زۆر، پەكەكە كشایەوە، ئەمەش لەسەر داوای ئۆجەلان بوو، بۆیە دەبێت ئۆجەلان پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە ببەستێت و قسەیان لەگەڵدا بكات، پێویستە دەوڵەتی توركیا ئەم هەنگاوانە بنێت ئەگەر دەیەوێت پەكەكە چەك دابنێت.“ بەگوێرەی ئاژانسی ناوبراو، بەرپرسانی دەم پارتی، لەسەر سێ خاڵ گومانیان لا دروست بووە، بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و هەروەها ئازادكردنی ئۆجەلان.
• وا پیشان دەدرێت كە ئەمجارەیان بە شێوەیەكی ستراتیژی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام پێمان دەڵێت ئێمە مەیدانتان بۆ دەكەینەوە، بەو مەرجەی سنووری خۆتان مەبەزێنن و زۆرمان بۆ مەهێنن، بەڵام دەبێت بزانن ئێمە لەو جۆرە پارتانە نین كە سنوورمان بۆ دابنێن.
• ئەو پەیامانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دێت زۆر دژ بەیەك و شێواوە، چونكە لەلایەك قەیوم لەسەر شارەوانییەكانی دەم پارتی دادەنێن، لەلایەكی تر لەرێگەی باخچەلییەوە داوا دەكرێت ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات. تاوەكوو ئێستا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد، هیچ هەنگاوی گەورە و كرداری نەنراوە.
• تاوەكوو ئێستا وەكوو دەم پارتی نازانین، نیەتیان چارەسەركردنی پرسی كوردە، یان تەسفیەكردی دیموكراتییەتی سیاسییە؟ ئێمە خەریكین لەوە تێبگەین كە نیەتیان چییە. ئێمە زۆر لە خۆمان دەكەین تا پرسەكە بە پۆزەتیڤ سەیر بكەین و ئێمە هەمیشە گومانمان هەیە.