ئابووریی توركیا خۆی بۆ ترەمپ ئامادە كردووە؟

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

دۆناڵد ترەمپ، بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەمەش تا ئاستێكی زۆر مەترسییە بۆ ئابووریی توركیا، چونكە سیاسەتی ترەمپ، بەدەستهێنانی سەرمایەی بیانییە، شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە ئەمە بۆ توركیا جێی مەترسییە.

هەر ئەو كاتەی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرا، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بووەوە، هەروەها نرخی ئاڵتون دابەزی و بیتكۆین ٧٪ بەرز بووەوە. شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە، توركیا دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی لەڕووی ئابوورییەوە زیانی زۆر پێدەكات، چونكە بەگوێرەی ئەو پلانە ئابوورییەی ترەمپ دایناوە، هەروەها سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە ئیسرائیل، كە پشتگیرییەكی گەورەی دەكات، ئەمەش هەر بۆ توركیا دەبێتە مایەی سەرئێشە.
پڕۆفیسۆر ئێرهان ئەسڵانئۆغڵو، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێی وایە، ترەمپ فۆكەس دەخاتە سەر ئەو پارانەی لە دەرەوەی ئەمریكاوە دێتە ناو ئەمریكا، هەروەها پارێزگاری لە باجی گۆمرگی وڵاتەكەی دەكات، ئەمەش كاریگەریی تەنیا لەسەر چین نابێت، بەڵكوو زیان بە ئابووریی وڵاتانی ئەورووپاش دەگەیەنێت و توركیا دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كە دووچاری ئەو زیانە ئابوورییە دەبێتەوە، واتە ئابووریی توركیا دەكشێنێتەوە دواوە.
ئەسڵانئۆغڵو دەڵێت: ”ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنیدا كە باج كەم بكاتەوە، بودجەی سەربازی بەرز بكاتەوە، ئەگەر ئەمە بكات، ئیدی وڵاتان ناتوانن قەرزی دەرەكی وەكوو پێویست بكەن، وڵاتێكی وەكوو توركیا بۆی قورس دەبێت كە سەرمایەی دەرەكی بێتە وڵاتەكەی و ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دروست دەكات. لەلایەكی تر، ترەمپ بڕوای بە رێككەوتنی ژینگەی جیهانی نییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێژەی كۆچ زیاد بكات، توركیاش دەبێتە یەكێك لەو وڵاتانەی كۆچی زۆری بۆ دەكرێت و دیاردەی كۆچ زیاتر گەشە دەكات و كێشەی كۆچ بۆ توركیا گەورەتر دەبێت.“
تەنیا لە ٢٠٢٣، ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان توركیا و ئەمریكا ٣٠ملیار و ٦٦٠ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە. لەو رێژەیە توركیا ١٥ملیار و ٨٠٠ملیۆن دۆلار كەلوپەلی ئەمریكی هاوردەی وڵاتەكەی كردووە و بە رێژەی ١٤ملیار و ٩٠٠ملیۆن دۆلاریش كەلوپەلی توركیای بۆ ئەمریكا ناردووە.
ئەگەر سەیری ژمارەكان بكەین، لە سەردەمی ترەمپ كە سەرۆكی ئەمریكا بوو، بە بەراورد لەگەڵ بایدن، توركیا لە سەردەمی بایدندا ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتری لەگەڵ ئەمریكادا هەبووە.
لە ماوەی ٣ ساڵی سەرۆكایەتیی ترەمپ، توركیا و ئەمریكا بەڕێژەی ٦٤ملیار و ٦٠٠ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان كردووە، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆكایەتی بایدن، واتە لە ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٣، توركیا و ئەمریكا بەڕێژەی ٩٠ملیار و ٦٠٠ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان كردووە.
ئەوەی بووەتە مایەی پرسیار، ئایە لە سەردەمی ترەمپدا، توركیا دەتوانێت پارێزگاری لەو ژمارەیە بكات و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریكا برەو پێ بدات، یان ژمارەكەی كەم دەبێتەوە؟
ترەمپ، لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنی دا، كە ٦٠٪ باج دەخاتە سەر كەلوپەلی چینی كە دەهێنرێتە ئەمریكا، هەروەها بۆ وڵاتانی دەرەوەی چینیش ١٠ بۆ ٢٠٪ باج زیاد دەكات، بۆیە عەدنان داڵگەكڕان، شرۆڤەكاری ئابووری دەڵێت، ئەگەر ترەمپ ئەمە جێبەجێ بكات، واتە كۆتایی بە بازاڕی ئازاد لە جیهاندا دەهێنێت.
هەرچەندە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ترەمپ بڵێت دۆست و هاوڕێم، بەڵام ئەوكاتەی بەهۆی قەشە بڕۆنسۆن، ناكۆكی كەوتە نێوان توركیا و ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ سزای ئابووریی بەسەر توركیادا سەپاند و لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی، هەر ئەو دابەزینە بوو كە لیرەی توركی نەیتوانی خۆی كۆكاتەوە و رۆژ بە رۆژ و هەفتە بە هەفتە لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار هاڕەی كرد، واتە ترەمپ بوو گەورەترین زیانی بە لیرەی توركی گەیاند، بۆیە هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوەن كە هاتنی ترەمپ بۆ كۆشكە سپی، توركیا لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە دووچاری قەیرانێكی زۆر دەكاتەوە.